وێنە.. باران زیانی بە قەڵای کەرکوک گەیاندووە

قەڵای شاری کەرکوک، کە کۆنترین بەشی شارەکەیە، ساڵانە بەهۆی کەمتەرخەمیی حکومەت و نەبوونی هیچ هەڵمەتێکی نۆژەننەکردنەوە، مەترسیی داڕمانی بەردەوامی لەسەرە.

ساڵانە، لەگەڵ هاتنی شەپۆلی باران باریندا، قەڵای کەرکوک، کە یەکێکە لە کۆنترین قەڵاکانی عێراق، مەترسیی داڕمانی لەسەر دروستدەبێت و بەشێک لە دیواری مزگەوت و شوێنەکانی دادەڕمێن.

حکومەتە جیاوازەکان، لەماوەی رابردوودا خەمخۆری نۆژەنکردنەوە پاراستنی ئەم قەڵایە نەبوون، کە لە دیارترین قەڵاکانی ناوچەکەیە و لە قۆناغی نوێی ئیمپراتۆریەتی ئاشورییدا بناغەکەی دانراوە و دروستکراوە، لە سەردەمی عوسمانلییەکانیشدا، دیوارەکانی ئێستای دروستکراون.

قەڵاکە ژمارەیەکی زۆر لە شوێنەواری مێژوویی لەخۆدەگرێت، لەوانە: 54 خانووی مێژوویی، پێنج مزگەوت، گومبەزی سەوز و یەکێک لە کۆنترین کڵێساکانی عێراق، لە هەمان کاتدا ئارامگەی پەیامبەر دانیاڵە، کە لە ئاینی ئیسلامدا ئاماژەی پێدراوە.

لەماوەی رابردوودا، رائید عوگلە محەمەد، بەرێوەبەری شوێنەواری کەرکوک، بە کەناڵ8ی راگەیاند: "شوێنەوارەکانی قەڵای کەرکوک کۆنن، نۆژەننەکردنەوەیان هۆکاری سەرەکیی داڕمانیانە"، ئاماژەی بەوەش دا؛ کڵێسای قەڵای کەرکوک، بەشێکی زۆری داڕماوە و بەشێکی گومبەزی سەوزیش لەناوچووە.

لەگەڵ هاتنی نوێترین شەپۆلی بارانبارینیش بۆ ناوچەکە، زیانەکانی سەر قەڵاکە زیادیان کردووە و بەشێک لە دیواری شوێنەوارەکان زیاتر داڕماون.