فێستیڤاڵی فۆلکلۆریی نەینەوا لە شاری حەزر بەڕێوەچوو

فێستیڤاڵێکی فۆلکلۆریی لە پارێزگای نەینەوا، بەناونیشانی "دوو هەزار ساڵ لە مێژوو" بەڕێوەچوو، لەڕێگەی ژمارەیەک لە دانیشتوانی ناوچەکە، بە لەبەرکردنی جلوبەرگی دێرین و کۆنی میزۆپۆتامیا، کەشێکی کەلەپوورییان زیندووکردەوە، بە بەشداریی سەرۆک کۆماری عێراق، لەتیف رەشید، بۆنەکە بەسەرکرایەوە و چالاکییەکانی ئەنجامدران.

بە بەشداریی سەرۆک کۆماری عێراق، لەتیف رەشید، دانیشتوانی نەینەوا، لە شاری حەزری کۆن، فێستیڤاڵی فۆلکلۆریی ساڵانەی خۆیان ئەنجامدا.

شاری حەزر لە پارێزگای نەینەوا، یەکێکە لە دیارترین ناوچە شوێنەوارییەکانی عێراق و لە لیستی کەلەپووری جیهانیی رێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە.

ئەم ناوچەیە، لە ساڵانی دێرینی میزۆپۆتامیا، بەدیاریکراوییش لە جوارچێوەی فەرمانڕەوایەتیی ئیمپراتۆریەتی ئەشکانییدا لە 250ی پێش زاین، شارستانییەتێکی گەورە و دیار بووە، بەشێکی زۆر لە شوێنەوارە مێژووییەکانی ئەم ناوچەیەش، سەر بە ئەشکانی و ئاشورییەکان بووە.

لە ئاستی زیندووکردنەوە و جەختکردنەوە لەم ناوچانە، ساڵانە چەندین فێستیڤاڵی جیاوازی فۆلکلۆریی ئەنجامدەدرێن، بۆ ئەمساڵ، بەلەبەرکردنی جلوبەرگی کۆن و غاردانی ئەسپ و نمایشکردنی جلوبەرگەکان، یادەکە کرایەوە.

عێراقییەکان گرنگییەکی گەورە بە ناوچە شوێنەوارییەکانی پارێزگای نەینەوا دەدەن، چونکە لەم ناوچەیەدا، لە سەرەتاییترین شارستانییەتەکانی مرۆڤایەتیی بوونی هەبووە و هەر لە دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتیی سۆمەر و بابلەوە درێژدەبێتەوە بەرەو ئاشور و کلدانییەکان.

لەژێر ناونیشانی "دوو هەزار ساڵ لە مێژوو" ئەم فێستیڤاڵە ئەنجامدرا و بە گوتەی ئامادەبووان، ناوچەی حەزر دەتوانێت ببێت بە پێگەیەکی دیار و سەرەکیی راکێشانی سەرنجی گەشتیارە بیانییەکان بەرەو عێراق.