کۆمیسیۆن وادەی وەرگرتنی ناوی لیست و هاوپه‌یمانێتییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانی درێژكردەوە

جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق.

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرایدەکات، وادەی وەرگرتنی لیسی ناوی بەربژێران و هاوپەیمانییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی هەفتەیەک درێژکراوەتەوە.

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کەناڵ8ی راگەیاند،  "کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق تا رۆژی 28ی ئازاری 2024 ناوی بەربژێرانی پارت و هاوپەیمانێتییەکان و بەربژێرانی سەربەخۆ بۆ بەشدارییکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وەردەگرێت".

راشیگەیاند، دوای تەواوبوونی وادەی وەرگرتنی ناوەی بەربژێڕەکان، هۆبەی تایبەت بە کاروباری بەربژێرەکان، پێداچوونەوە بۆ داتای لیست و بەربژێرەکان دەکات و دوای تەواوبوونی وردبینی، وادەی ئەنجامدانی تیرۆرپشک بۆ لیست و بەربژێرەکان دیاریی دەکات.

بەگوێرەى بڕیارەکە، تۆمارکردنی ناوی لیست و هاوپەیمانێتییەکان تاوەکو بەروارى 22ی ئاداری 2024 بەردەوام دەبێت، درێژکردنەوەکە تەنیا بۆ وەرگرتنی ناوی بەربژێرەکانە.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بەهەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی 10ی حوزەیرانی داهاتووی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشانکردووە.