نەورۆز لە شیعری بەشێک لە شاعیرە دیارەکانی کوردەوە

نەورۆز و سەری ساڵی کوردی، یەکێکە لە گرنگترین جەژن و بۆنەکانی گەلی کورد، کە لە کوردستان و هەموو شوێنێکی جیهانەوە کوردان ئاهەنگ بەم بۆنەیە دەگێڕن، ئاگری نەورۆزی ساڵی نوێ دەکەنەوە.

ساڵانە لە هەرچوارپارچەی کوردستان لە رۆژی 20ی ئازاردا ئاهەنگ بە هاتنی سەری ساڵی کوردی دەگێڕدرێت، بۆ ئەمساڵیش بە هەمان شێوە لە شارە جیاوازەکانی کوردستان بە مەراسیمی تایبەت پێشوازیی لە هاتنی ساڵی 2724ـی کوردی کرا.

لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان مانگێک پێش و 10 رۆژ دوای هاتنی رۆژی نەورۆز ئاهەنگ دەگێڕدرێت، لە باشووری کوردستانیش رۆژی 20ی ئازار بۆ ئاهەنگگێران و پێشوازیی لە سەری ساڵی کوردی تەرخان کراوە، لە رۆژئاوا و باکووری کوردستانیش رۆژانی پێش هاتنی سەری ساڵی کوردی ئاهەنگ دەگێڕدرێت.

نەورۆز لە کۆنەوە لەلای کورد جەژنێکی بە بەها و پیرۆز بووە، شاعیرانی کوردیش بەهەمان شێوە لە شیعرەکانیاندا باسی ئەم رۆژە و گرنگیی پاراستنییان کردووە لای گەلی کورد.

ئەحمەدی خانی بە یەکەم شاعیری کورد دادەنریت، کە باسی لە کولتوور و نەریتی نەورۆزکردنی کوردان کردبێت، وەک لە شیعرێکدا دەڵێت:

بیلجومله‌ ده‌چوونه‌ ده‌ر ژ ماڵان

حه‌تتا ده‌گه‌هیشته‌ پیر و کاڵان

ڕۆژا کو ده‌بوویه‌ عیدێ نه‌ورۆز

ته‌عزیم ژ بۆمه‌ ده‌ما دل ئه‌فرۆز

 هەروەها بەشێکی دیکە لە شاعیران باسی نەورۆزی کوردەوارییان لە شیعرەکانیان کردووە، هەریەکەو بە جۆرێک وەسفیان کردووە و ناویان هێناوە، بەشێکیان بە واتای خۆی باسیان کردووە، هەندێکیشیان پەیوەندیداریان کردووەتەوە بە دڵداری و خۆشەویستییەوە.

بەشێک لەو شیعرانەی کە تایبەتن بە نەورۆز، بوون بە سرودێک بۆ ئەم رۆژە، نەوە دوای نەوە دەوترێتەوە و بەبێ گوێگرتن لەو شیعرانە کە کراون بە گۆرانی نەورۆزی کوردان تێناپەڕێت وەک شیعرەکەی پیرەمێردی شاعیر کە حەسەن زیرەکی گەورە هونەرمەند گوتوویەتی، و دەڵێت:

پیرەمێرد:

ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە ھاتەوە

جەژنێکی کۆنی کوردە بە خۆشی و بە ھاتەوە

 نەورۆز لە شیعری بەشێک لە شاعیرانی بەناوبانگی کورددا:

مەولەوی:

نیشانەی نەورۆز وادەی وەھارەن

یا نەشئەی ئامای نامەی نیگارەن

وەفایی:

نەسیمی بایی نەورۆزی شەمیمی عەبهەری ھێنا

موریدی عاشقان دیسان پەیامی دولبەری ھێنا

نەوید ئەی عاشقانی دڵفگار یار ھاتە سەر خەندە

سەڵا ئەی بولبولان دیسان درەختی گوڵ بەری ھێنا

نالی:

تەشریفی نەوبەھارە کە عالەم دەکا نوێ

دڵ چونکە میسلی خونچەیە بۆیە دەپشکوێ

ھەژار:

مزگێنی دا بە ‌سروە بای بەھاری

وا ھاتەوە نەورۆزی کوردەواری

حاجی قادری کۆیی:

ڕۆژتە ئەی بایی نەورۆزی لە بن بەفری گران

کانی پێی سڕ بوو چناریش دەستی چوو پەنجەی تەزی

سونبولی زوڵف و گوڵی ڕوخسار و سەروی قامەتی

مانگی نیسان و گوڵان نەیدی لە نێو باخی وزەوی

دڵدار:

گوڵی سوور ئەی ‌کچی نەورۆز ئەرێ کام دەس لە باغی ژین

لە بۆ یەک دەفعە بۆن کردن بەناکامی ئەتۆی ھێنا

قانع:

هەوای شنەی بای نەسیم دیاره

مەعلوومه وادەی گوڵ و گوڵزاره

حەریق:

ئەڵێن وا جەژنی نەورۆزە دڵم پڕ ئاتەش و سۆزە

وەرە ‌بۆ جەژنە پیرۆزە بدەم ڕووحم لەبەر ماوم

وەرە سەر چاوەیی چاوم، دەڵێی دەریای عەممانە

تەماشای ئەشکی گوڵنارم لە سایەی چاوی خوێناوم

گۆران:

ئەی نەتەوەی کاوەی زنجیر قەف قەف بڕ

ڕۆژی نەورۆز دای بە ‌ھەوری زستان دڕ

حەقیقی:

مزگێنی بێ ھات ساڵی نوێ

خۆشی دوای خۆشی جوێ بە جوێ

بڵێن بەخت چیدی نەنوێ

ئەستێرەی مەش سەری ناسوێ

وە بیرت دێ چمان دی دوێ

زوو ڕاپەڕن مەبن شلوێ

ئەوا ھات پەیکی ئازادی

بە ڕووخۆشی و کەیف و شادی

کۆشێ گوڵی گەشی پێیە

مەعلووم بەشی مەشی پێیە

هێمن:

ڕەفیقان، ڕۆژی کوردانە، بەهارە، جەژنی نەورۆزە

بە دڵ لێتان دەکەم لەم ڕۆژەدا، من جەژنە پیرۆزە

شێرکۆ بێکەس:

بەهار جوانه، بەڵام کاتێ،

زەوی دایکی، سەرفراز بێ

دەستی درک و داڵ نەیگاتێ

چاو بەرەوژێری بن نەبێ

بۆ ئاسمانی سەر بڕوانێ

من ئەمەوێ جوانی بەهار

له هەڵپەڕکێی کوردستانا

دەستی ئازادیی کورد بگرێ

له ناو نەورۆزی ژیانا

عەبدوڵڵا پەشێو:

ئەمساڵ بێ چیا نەورۆز ناکەم

بێ‌بۆنی گیا نەورۆز ناکەم

نەورۆز ناکەم بێ بڵێسەی سووری ئاگر

نەورۆز ناکەم گەر ڕەشبەڵەک تۆز نەکات

و بەخۆم نەبمە سەرچۆپی‌گر .

ھێدی:

جێژنی کۆن و ساڵی تازەی کوردەواری ھاتەوە

ھاتەوە ئاگری خەباتی ئەو گەلە خۆش کاتەوە

ھاتەوە جوانتر لە جاران جێژنی کاوەی قارەمان

شوێنەواری میدیا باپیرە گەورەی کوردەکان

سەید کامیل ئیمامی(ئاوات):

ھەی ھەی چ بەھارێکە وەک جەننەتی مەئوایە

وەک بولبولی زار عاشق ئاو بردەیی سەحرایە

ع.شەونەم:

جەژنە جەژنی کوردستانە جەژنی نەورۆزه

بە تیشکی ئاگر ئەنووسم جەژنە پیرۆزە

چاوگی ئاگر هێز و گیانــمە

بـاوەڕی بـــەرزی کـــوردستانمە

جەژنە جەژنی کوردستانە جەژنی

مەلا کەریم زاری:

سەبا ھەستە لە خەو نەورۆز واھات

بڵێ با لەشکری زستان بڕوات

بەسە جەور و جەفای بەھمەن و دەی

لە دڵ سەبر و لە تەن خۆ گیان دەرھات

بە ‌سەرمانا کڕێوەی بەفر تاکەی

بدات و دابپۆشێ شار و دێهات

ھەتا کەی تەم بەری خورشێد بگرێ

لە ڕووناکی بەری بن ھەر دوو باغات..

لە بەندیخانەکەی دەردێ گوڵاڵە؟

ئیلاھی تا بولبول بگات بە ئاوات

بە ئاوی شەونمت پێویستە سەوزە

سەر و زڵف و دەم و چاوێک بشوات

سەبا بێ دێرە نازانی کە "زاری"

لە جەوری بەھمەن و دەی چی بە سەر ھات؟

ناسر حیسامی:

نه‌ورۆزه‌، كڵپه‌ی لێت ده‌وێ

هه‌تا ڕووناكی سه‌ركه‌وێ

له‌نێو بڵێسه‌دا ماوی

به‌بێ ئاگر تۆ گومناوی

ئه‌ی به‌ژنی به‌رز، ئه‌ی سپیدار!

ئه‌ی قامه‌تی سه‌وزی به‌هار!

به‌سه‌رچوو وه‌رزی دابڕان،

وه‌رزی كۆچی باڵنده‌كان

له‌گه‌ڵ گه‌زیزه‌ دێنه‌وه‌

نه‌غمه‌ی ئه‌وین ده‌ڵێنه‌وه‌

نه‌ورۆزه‌ گۆرانیی ده‌وێ

هه‌تا خه‌می خاک بڕه‌وێ،

له‌ هاواری خۆتدا ماوی

به‌بێ هاوار تۆ گومناوی

ئەمین گەردیگلانی: :

نەوبەھارە و سەوزە گۆرانی دەڵێ

بەندی تیشک و شەونم و جوانی دەڵێ

پێیەتی مزگێنیی سەرھەڵدانەوە

پشت لە مردن کردن و بووژانەوە

دێ گەزیزەی شین بە شوێن نەورۆزەوە

دێن بە پێشوازی شنەی نەورۆزەوە

دێ بەھارێ پڕ بە دڵ شادی بکەین

چاو لە باڵای بووکی ئازادی بکەین