ئەمریکا: فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوان و مووشەکێکى حوسییەکانمان خستەخوارەوە

لۆگۆى فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا.

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانى ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوان و مووشەکێکى حوسییەکانیان لە دەریاى سوور خستووەتەخوارەوە.

بەگوێرەى راگەیەندراویکى فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانى ئەمریکا، رۆژى 20ـی ئازار توانیوویانە فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوانى حوسییەکان و مووشەکێک بخەنەخوارەوە کە ئاڕاستەی کەشتییە بازرگانییەکان کرابوون.

ئەوەشخراوەتەڕوو، ئامانجى ئەمریکا دابینکردنى ئارامى و ئاسایشى بازرگانى رێرەوە ئاوییەکانە لەو هێرشانەى گرووپە تیرۆریستییەکانى سەر بەئێران دەیکەنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان.

مانگى تشرینى دووەمى رابردوو، پاش هێرشى ئیسرائیل بۆسەر غەززە و پشتیوانیى ئەمریکا و بەریتانیا بۆ ئەو هێرشانە، حوسییەکانى یەمەن رایانگەیاند، کەشتییە بازرگانییەکانى ئەمریکا، بەریتانیا و وڵاتانى رۆژئاوا بەئامانجدەرگرن، مانگى کانوونى دووەمى ئەمساڵیش ئەمریکا و بەریتانیا هاوپەیمانییەکیان دژى حوسییەکان راگەیاند.