یەکێتی ناوى بەربژێرەکانى بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانى کوردستان تەواوکردووە

لۆگۆى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان.

یەکێتیی نیشتمانیى کوردستان، رێکارەکانى یەکلاکردنەوەى ناوى بەربژێرەکانى بۆ خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان تەواوکردووە.

مەکتەبى سیاسیى یەکێتیی نیشتمانیى کوردستان، لەگەڵ ئۆرگانەکانى مەکتەبى رێکخستن و مەڵبەندەکانى، ناوى بەربژێرەکانى بۆ خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان، بۆ هەر چوار بازنەکەى هەڵبژاردن تەواوکردووە، بە گوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8 لەناو لیستى بەربژێرەکان ناوی کەسایەتیى سەربەخۆى پێکهاتەکان هەیە. 

رزگار حاجى حەمە، لێپرسراوى دەزگاى هەڵبژاردنى یەکێتی، بێئەوەى زانیاریى زیاتر ئاشکرابکات بە کەناڵ8ـى گوت، ئامادەکارییەکانیان تەواو بووە، پێش 28ـى ئەم مانگە ناوى سەرۆک لیستەکانیان ئاشکرادەکەن.

رۆژى چوارشەممە، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی بەبۆنەی نەورۆزەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەکرابوو، ئومێدەوارن نەورۆزی ئەمساڵ مژدەی گۆڕانکاریی دیموکراسی و ھەڵبژاردن لەپێناو خزمەتکردنی باشتری گەلەکەمان و ژیان و گوزەرانیان بەدوای خۆیدا بھێنێت.

لە پەیامەکەدا ئەوەشهاتبوو، چاویان لەسەرکەوتنێکی گەورەیە تاوەکو رێڕەوی حوکمڕانی لە هەرێمى کوردستان راست بکەنەوە.