وەزارەتی بەرگریی تورکیا: لەگەڵ عێراق ناوەندی ئۆپراسیۆنی هاوبەش دروستدەکەین

ئاڵای عێراق و تورکیا

وەزارەتی بەرگریی تورکیا راگەیاند، ئامانجیان دروستکردنی ناوچەی ئارامە لە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ عێراقیش ناوەندی ئۆپراسیۆنی هاوبەش دروستدەکەن.

سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا بە میدیای فەرمی وڵاتەکەی راگەیاند، ئامانجی تورکیا لە هەرێمی کوردستان دروستکردنی "ناوچەی ئارامە"، تاوەکو بتوانن لە دەرەوەی سنووری تورکیاوە وەڵامی مەترسییەکان بدەنەوە، گەیشتن بەم ئامانجەش رێگە لەبەردەم زیادکردنی خۆشگوزەرانیی ناوچەکە دەکاتەوە، لەوانەش پرۆژەکانی بواری وزە و رێگەوبان.

سەرچاوەکە گوتیشی، داوایان لە شاندی عێراق کردووە ناوەندی ئۆپراسیۆنی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دروستبکرێت و عێراقییەکانیش بە ئەرێنی وەڵامی داواکارییەکەیان داوەتەوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لایەنی عێراقی بە ئەرێنی وەڵامی داواکارییەکەی دیکەی تورکیایان داوەتەوە کە بریتییە لە هەماهەنگی و پێکەوەکارکردن بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.

سەرچاوەکەی وەزارەتی بەرگریی هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ ئامادەکردنی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە بەردەوامە و رێککەوتنەکەشی بە "بەڵگەنامەی چوارچێوەی ستراتیجی" ناوبردووە.

سەرچاوەکە دەشڵێت، دوای واژۆکردنی رێککەوتن و بەڵگەنامەکە، وردەکاری و ناوەڕۆکی ناوەندی ئۆپراسیۆنی هاوبەشی هەردوولا بۆ رووبەڕوبوونەوەی تیرۆر دیاریدەکرێن.

سەرچاوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لەبارەی ئەگەری ئۆپراسیۆنی نوێ لە هەرێمی کوردستان لە وەرزی هاویندا گوتی، "دوایین هێرشەکانی پەکەکە لە دوا خاڵی ناوچەکانی چنگ-قوفڵ (ئاڤاشین، مەتینا و زاپ) ئەنجامدراون، واتە تەنیا یەک بەشی بچووکی ئەوێمان ماوە کۆنترۆڵی بکەین، دوای ئەوەی ئەو بەشەشمان پاککردەوە و دامانخست، ئاسایشی زیاتر بۆ سنوورەکانمان دەگەڕێتەوە. دوایین هەوڵی پەکەکە بۆ رێگریرکردنە لە داخستنی ئەو بەشەی کە ماوە بەڕوویاندا."