لوتکەی یەکێتیی ئەوروپا بۆ پاڵپشتیی ئۆکرانیا دژی رووسیا بەڕێوەدەچێت

سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا بە بەشداریی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بڕیاردان لەسەر زیادکردنی هاوکارییەکانیان بۆ حکومەتی کیێڤ لە برۆکسل کۆدەبنەوە.

رۆژی پێنجشەممە 21ـی ئازاری 2024، سکتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە وتارێکدا لەکاتی بەڕێوەچوونی لوتکەکەدا رایگەیاند، پێویستە وڵاتانی جیهان بە یەک چاو سەیری جەنگی ئۆکرانیا و غەززە بکەن.

گۆتێرێس باسی لەوەشکرد، ئێستا لە جیهاندا دۆخێکی خراپ هاتووەتە ئاراوە، تێیدا هەر وڵاتێک یان گرووپێکی چەکداری بۆچوونی وایە دەتوانێت هەرچییەک بیەوێت بیکات، چونکە لێپرسینەوە لە ئارادا نییە.

هاوکات چارڵز میشێل، سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، یەکێتییەکەیان هەوڵدەدات رۆڵێکی ئەرێنی بگێڕێت بۆ پشتگیریکردنی جیهانێک کە لەسەر بنەمای بنەما و رێسا نێودەوڵەتییەکان کار بکات.

جەیک سولیڤان، راوێژکاریی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لەمیانی سەردانێکی بۆ کیێڤ جارێکی دیکە بەرپرسانی ئۆکرانیای بێئومێد کرد و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا نازانرێت کەی پاکێجی 60 ملیار دۆلاری هاوکاریی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا لەلایەن کۆنگرێسەوە پەسەند دەکرێت.