کەناڵ8 هۆکاری نەناردنی مووچەی هێزی پێشمەرگە ئاشکرادەکات

هێزێکی پێشمەرگەی کوردستان فۆتۆ: AP

سەرچاوەیەک لە وەزارەتى پێشمەرگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، لیستى مووچەى وەزارەتەکەیان بۆ وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێمی کوردستان ناردووە، بەڵام بە بڕیارى سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیران بۆ بەغداد نەنێردراوە.

ئەو سەرچاوەیەى وەزارەتى پێشمەرگە بە کەناڵ8ى راگەیاند، نەناردنى لیستەکە بەبیانووى پاراستنى ئاسایشى نیشتمانییەوەیە، بەڵام پێشتر چەند جارێک لیستى وەزارەتى پێشمەرگە بۆ بەغداد نێردراوە و حکومەتى عێراق و کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراقیش ئامار و ژمارەى مووچەخۆرانى هێزە ئەمنییەکانیان لایە.

باسى لەوەشکرد، ئێستا بڕى مووچەى هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ بەغداد نێردراوە، بەڵام وەزیرى دارایی عێراق داواى لیستى ناوى مووچەخۆرانى پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانى دیکە دەکات.

هاوکات سەرچاوەیەک لە گەنجینەى سلێمانی بە کەناڵ8ى راگەیاند، تاوەکو ئێستا ئاگادار نەکراونەتەوە بە ناردنى پارە بۆ بانکەکان و بڕیارى دابەشکردنى مووچەى مانگى شوبات.

گوتیشى: "ئەوان لیستى مووچەى مووچەخۆرانیان بۆ مانگى ئازاریش داوە بە وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستان و چاوەڕوانى فەرمانى دابەشکردنى مووچەن".