رۆژی جیهانی هونەری بوکەڵە: هەلێک بۆ بیرهێنانەوەی ئەم هونەرە وون بووە

رۆژی 21ـی ئازاری هەموو ساڵێک، ئاهەنگ بە رۆژی جیهانی هونەری بوکەڵە دەگێردرێت، کە جۆرێکە لەو هونەرانەی لە رابردوودا گرنگییەکی زۆری پێدەدرا و بینەرێکی بەرفراوانی هەبوو، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆجیا بەرەو کەمبوونەوە و لەناوچوون دەچێت.

هونەری بوکەڵەی دەستی، بەوە ناسراوە کە بەبێ جیاوازیی تەمەن، چێژ بە هەموو بینەران دەبەخشێت لە هەر تەمەنێکدا بن، نمایشەکانی پێویستی بە هۆڵی گەورە و تێچووی زۆر و ماندووبوون نیە، بەڵکو لە شوێنێکی بچوکدا نمایشدەکرێت و بە ئاسانی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە دەگوازرێتەوە.

هونەری نامیشی بوکەڵە، نزیکترین کاری هونەرییە لە منداڵانەوە، چونکە تەواویی نمایشەکە بە بوکەڵە دەکرێت، کە ئەمەش یەکێکە لەو یارییانەی کە بزوێنەری خەیاڵی منداڵانە و هانیان دەدات بۆ فێربوونی بەهرەمەندیی نوێ و باش.

جگە لەوەش، لە کۆنەوە ئەم جۆرە نمایشانە پەیوەندیدار بوون بە گاڵتەجاڕی و ئیدانە کردنەوە، هەر ئەمەش وایکردبوو لە رابردوودا یەکێک بێت لەو کارانەی کە ئیمبراتۆر و فەرمانڕەواکان لێی بترسن، چونکە پێشەنگەکانی ئەم هونەرە لە رەخنەگرتن و گاڵتەپێکردندا لێهاتوو بوون.  

بیرۆکەی هەڵبژاردنی رۆژێک بۆ یادکردنەوەی هونەری بوکەڵە، لەلایەن جەواد زولفەقاریی هونەرمەندی بوکەڵەی ئێرانییەوە لە ساڵی 2000ـدا لە کۆنگرەی هەشتەمی یەکێتی نێودەوڵەتی ماریۆنێت (UNIMA) لە ماگدبورگ پێشنیاز کرا، دوای دوو ساڵ، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نێودەوڵەتی (UNIMA) لە ئەتلانتا رۆژێکیان بۆ ئاهەنگگێران بەو بوکەڵەیە دیاری کرد، بۆیەکەمجار لە ساڵی 2003دا ئاهەنگ بەو یادە گێڕدرا.

هەموو ساڵێک یادکردنەوەی ئەم رۆژە، بە بابەتێک دەکرێتەوە، بە نمونە لە ساڵی 2022ـدا بابەتی ئەم یادە "دەریا" بوو، بۆ هاندانی هونەرمەندانی بواری بوکەڵەی جوڵاو، تا لەسەر ئەم بابەتە ئاهەنگ بەم رۆژە بگێڕن و نمایشەکانیان پێشکەش بکەن.

بەگشتی لە جیهاندا ئاهەنگگێران بە رۆژی جیهانی هونەری بوکەڵەی جوڵاو لەڕێگەی فێستیڤاڵی بوکەڵە، بەخشین بە رێکخراوەکانی بوکەڵە، دروستکردن یان نمایشی بوکەڵە بەڕێوەدەچێت، بەگشتی ئامانجی بەشێکی زۆر لەم چالاکییانە، بەبیرهێنانەوەی ئەم جۆرە هونەرەیە.

بوکەڵەی جوڵاو زیاتر لە 4000 ساڵە و بە نزیکەیی لە زۆرینەی شارستانییەکاندا بوونی هەبووە، تاوەکو ئێستا بە چەندین قەبارە و شێوەی جیاواز دروست کراوە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکە جیاوازەکان.