لە ئاهەنگی نەورۆزی دیاربەکر 128 کەس دەستگیرکران

ئاهەنگی نەورۆز لە دیاربەکر فۆتۆ: سیدار باسوت - کەناڵ8

لە نەورۆزی دیاربەکر بەهۆی جۆری جلوبەرگیان و بەکارهێنانی شاڵی رەنگاوڕەنگ، دەیان کەس دەستگیران.

عەباس شاهین، هاوسەرۆکی لقی دیاربەکری پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان "پارتی دەم" بە کەناڵ8ی راگەیاند، بەهۆی بەکارهێنانی جۆری جلوبەرگ و شاڵی رەنگاوڕەنگ "سەوز، سور و زەرد"، لە ئاهەنگەکەی دیاربەکر،128  کەس دەستگیرکراون.

لە دوای لێکۆڵینەوە و وەرگرتنی گوتە لێیان،82  دەستگیرکراو ئازاد کراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەستگیرکراوەکانی دیکە کە46  کەسن، بەردەوامە.

ئەو کەسانەی دەستگیرکراون جلوبەرگی تایبەت بە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستانیان پۆشیوە و شاڵی سەوز، سور و زەردیش ئاماژەیە بۆ رەنگی ئاڵای پارتی کرێکارانی کوردستان.

هاوکات لقی دیاربەکری کۆمەڵەی مافپەروەران بۆ ئازادی رایگەیاند،204  کەس کە جلوبەرگی نەتەوەیی و سیمبولی کولتوورییان بەکارهێناوە، دەستگیرکراون کە38  کەسیان منداڵن.

رۆژی 21ی ئازار، کە هاوکاتە لەگەڵ یەکەم رۆژی نەورۆز، لە دیاربەکر بە بەشداریی سەدان هەزار کەس، لەیلا زانا، سیاسەتمەداری کورد، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دەم و دەیان سیاسیی کورد ئاهەنگی نەورۆز بەڕێوەچوو.