یەکێتیی ئەوروپا: لەگەڵ بۆسنە و هێرسک دەست بە گفتوگۆ دەکەین

ئاڵای بۆسنە و هێرزەگۆڤینیا فۆتۆ: گووگڵ

سەرۆکی کۆنسەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، بۆ بەئەندامبوونی بۆسنە و هێرسک لە یەکێتییەکەیان، بڕیاریانداوە لەگەڵ ئەو وڵاتە دەست بە گفتوگۆ بکەن.

چارلس مێشێل، سەرۆکی کۆنسەی یەکێتیی ئەوروپا لە پلاتفۆرمی کۆمەڵایەتی "ئێکس" رایگەیاند، جێگای بۆسنە و هێرسک یەکێتیی ئەوروپایە و بڕیارەکەی ئەمڕۆش هەنگاوێکی گرنگە لە بە ئەندامبوونی ئەو وڵاتە بۆ ناو یەکێتییەکە.

بۆسنە و هێرسک، لە 15ی شوباتی2016  بە فەرمی داواکاریی خۆی بۆ بە ئەندامبوون پێشکەشی یەکێتیی ئەوروپا کرد و لە 15ی کانونی یەکەمی 2022، توانی ببێتە وڵاتی بەربژێر بۆ بەئەندامبوون لە یەکێتییەکە.

لە 12ی ئازاری ئەمساڵیش، ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیساریای باڵای ئەوروپا رایگەیاند، یەکێتیی ئەوروپا پێشنیازیکردووە بە دەستپێکردنی دانوستانە فەرمییەکان بۆ پەیوەستبوونی بۆسنە بە یەکێتییەکەوە.

ڤۆن دێر لاین بە پەرلەمانی ئەوروپای راگەیاند، بۆسنە "پیشانیداوە کە پێوەرەکانی ئەندامێتی و خواستەکانی هاووڵاتیانی جێبەجێکردووە، بۆی هەیە بەشێک بێت لە خێزانەکەمان"، ئاماژەی بەوەشکرد، "هەر بۆیە بڕیار دەدەین راسپاردە بۆ ئەنجوومەنەکە بکەین بۆ ئەوەی دانوستانە کراوەکانی پەیوەستبوون لەگەڵ بۆسنە و هەرزەگۆڤینا دەستپێبکات".

مانگی دیسەمبەری ساڵی پار، ئۆلیڤەر ڤارهیلی، کۆمیسیاری ئەوروپی بۆ کاروباری دراوسێ و فراوانبوون، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ بوریانا کریچتۆ، سەرۆکوەزیرانی بۆسنە و هێرسک، رایگەیاندبوو "مانگی ئازاری 2024 دانوستانەکانی بەئەندامبوونی بۆسنە لە یەکێتیی ئەوروپا دەستپێدەکەن".