کچەکەی سەرۆکی کۆریای باکوور کێیە؟

کیم و کچەکەی فۆتۆ: AFP

یەکەم دەرکەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2022، بەمدواییە نازناوی "هیانگدۆ"ی بەدەستهێناوە، بە واتای رێبەر، ئەمەش دەبێتەهۆی ئەوەی ئەو باوەڕە دروستبێت کە رەنگە رۆژێک شوێنی باوکی بگرێتەوە... کەواتە چی دەزانین دەربارەی جو-ئای، کچی کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور؟

ئەم کچە کێیە وا بووەتە بەرباسی میدیا؟

یەکەم دەرکەوتنی لە میدیا فەرمییەکان لە ساڵی 2022 بوو کاتێک لەگەڵ باوکیدا بوو لەکاتی تاقیکردنەوەی مووشەکێکی بالیستیکی کیشوەر بڕدا.

هەرچەندە کۆریای باکوور هەرگیز بە فەرمی ناوی نەناساندووە و تەمەنی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام هەواڵگریی کۆریای باشوور پێیانوایە ئەو کچە، جۆ ئای، کچی کیم جۆنگ ئون و گۆرانیبێژی بەناوبانگی پێشوو ری سۆل جو-ە، کە شیکارەکان مەزەندە دەکەن لە ساڵی 2009دا هاوسەرگیری لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکوور کردووە.

تاکە پشتڕاستکردنەوە بۆ ئەم بابەتە، لەلایەن دێنیس رۆدمان، ئەستێرەی پێشووی تۆپی باسکەی ئەمریکییەوە بوو، کە رایگەیاندبوو کچێکی سەرۆکی کۆریای باکووری بە ناوی جو ئای لە ساڵی 2013 لە سەردانێکیدا بۆ کۆریای باکوور ناسیوە.

ئەی دایکی کێیە؟

یەکەم دەرکەوتنی ریو سۆل جو، لە میدیاکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2012، ئەم گۆرانیبێژە بەناوبانگەی پێشوو، کە شیکەرەوەکان بە خاوەن کاریگەرییەکی بەرفراوانی دەزانن، زۆرجار لەگەڵ هاوسەرەکەیدا دەچێتە بۆنە فەرمییەکان بە ئامادەبوونی سەرکردە بیانییەکان، جلوبەرگی براندە گرانبەهاکان دەپۆشێت، تەنانەت جارێک جانتایەکی دەستی پێبووە لە براندی کریستیان دیۆر.

دەرکەوتنی فەرمی، لەگەڵ نازناوی "خاتوونی یەکەم" کە کیم جۆن ئون لە ساڵی 2018دا پێیبەخشیبوو، رێگەی پێدا رێچکەی باو بشکێنێت لە وڵاتێکدا کە دەرکەوتنی هاوسەری دوو سەرکردەی پێشوو، باوکی کیم و باپیرەی، دەگمەن بووە و ژیانیان بە نهێنی مابووەوە.

ئایا شوێنگرەوەی کیم جۆن ئون دەبێت

لەمیانی نمایشێکی سەربازیدا کە بە بۆنەی 75 ساڵەی دامەزراندنی وڵاتەکە لە 8ی شوباتدا، مارشال پاک جۆن چون، یەکێک لە ئەفسەرە کاریگەرەکانی کۆریای باکوور بینرا کە لەبەردەم جو-ئایدا لەسەر چۆک دانیشتبوو، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە دڵسۆزی بۆ ناوبراو دەردەبڕدرێت.

ئاهن چان ئیل، سەربازێکی پێشووی کۆریای باکوورە و ئێستا لە کۆریای باشوور لە بواری توێژینەوەدا کاردەکات، کە پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە کۆریای باکوور بەڕێوەدەبرد پێشتر، دەڵێت "پاک نوێنەرایەتیی سوپای کۆریای باکوور دەکات و بە ئاشکرا بەیعەتی بە جو داوە".

لە 16ی ئازاردا، میدیای کۆریای باکوور بۆ وەسفکردنی جو ئای، ناونیشانی "رێبەری مەزن"ی بەکارهێنا، پاش سەردانێکی کیم و کچەکەی بۆ کێڵگەیەک.

کیم جۆن ئون کە پێدەچێت لە ساڵی 1983 یاخود 1984 لەدایکبووبێت، تەمەنی سی ساڵ بوو کاتێک لە ساڵی 2011 لەشوێنی باوکی بوو بە سەرۆکی ئەم وڵاتە کۆمۆنیستە لە جیهاندا، خوشکەکەشی، کیم یۆ جۆن یەکێکە لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی ئەو وڵاتە.

ستایلەکەی چییە؟

باوکی بە عاشقی بۆ چاکەتی چەرم ناسراوە و پێدەچێت ئەم خولیایەی بۆ کچەکەی گواستبێتەوە، لە مانگی نۆڤەمبەردا وێنەی ئەو دووانە بە چاکەتێکی چەرم و چاویلکەی خۆرەوە گیراوە.

لە بەرامبەردا کیم جۆنگ ئون لەلایەن باپیرەی، کیم ئیل سونگەوە رێنمایی دەکرا لە ستایلکردنی قژی و شێوازی جلوبەرگ و رەفتارکردنی لەبەردەم خەڵکدا.

شرۆڤەکاران پێیانوایە کە ئەمە رێبازێکە بۆ بەگەورە پیشاندانی شانشینی “پاکتو” گیراوەتەبەر، کە ناوی چیایەکی پیرۆزە لە باکووری نیمچە دوورگەکە و کیم جۆن ئیل لە 16ی شوباتی 1942 تیایدا لەدایکبووە، بەگوێرەی تۆمارە فەرمییەکان.

کیم و کچەکەی بە چاکەتی چەرم و چاویلکەی رەشەوە فۆتۆ: AFP

-شێوازی ژیانی چییە؟ -

بە گوتەی سوو کیم لە کۆمپانیای LMI Consulting "گومانی تێدا نییە کە جو ئای ژیانێکی ئاسوودەی هەیە، بەڵام ئەو "بۆ مەبەستی ئایدیۆلۆژی و سیاسی دەقۆزرێتەوە و پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت هێشتا زووە بۆ ئەوە، وەکخۆی دەڵێت: "بە بەڵگەی ئەوەی لە هەندێک ڤیدیۆی فەرمیدا ماندوو دەرکەوتووە، رەنگە مەرامەکە ئەوە بێت ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی تێکەڵی سیاسەت بکرێت".