راپرسییەک.. 26%ی گەنجانی تورکیا زیندانیکردنی دەمیرتاش بە "ناڕەوا" دەزانن

سەڵاحەدین دەمیرتاش فۆتۆ: AP

بەگوێرەی راپرسییەک، 26%ی گەنجانی تورکیا کە زۆربەشیان خۆیان بە "ئەتاتورکی" ناو دەبەن، زیندانیکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش بە ناڕەوا و هەڵە دەزانن.

راپرسییەکە لەلایەن هەردوو کۆمپانیای گەو فۆر و کۆندا-وە لە 30 شار و 76 شارۆچکەی تورکیا ئەنجامدراوە و بۆچوونی گەنجانی تەمەن 18 بۆ 30 ساڵ وەرگیراوە.

لە راپرسییەکەدا 26%ی ئەو گەنجانەی بەشداریی راپرسییەکەیان کردووە، بەندکردن و لە زیندانهێشتنەوەی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراسی گەلان "هەدەپە"یان بە ناڕەوا و هەڵە وەسفکردووە.

لەگەڵ ئەوەشدا 54%ی گەنجان زیندانیکردنی دەمیرتاشیان بە رەوا و راست ناو بردووە و 20%ی گەنجانیش دەڵێن هیچ بۆچوونێکیان لەبارەی دۆخی دەمیرتاشەوە نییە.

لە راپرسییەکەدا بۆچوونی گەنجان لەبارەی شێوازی بیرکرنەوەیان وەرگیراوە و بەگوێرەی راپرسییەکە 44%ی گەنجانی تورکیا خۆیان وەک "ئەتاتورکی" و 39% خۆیان وەک نەتەوەپەرست و 12%شیان خۆیان وەک موحافزکار دەناسێنن.

سەڵاحەدین دەمیرتاش شەوی سێ لەسەر چواری تشرینی دووەمی 2016 لە چوارچێوەی دۆسییەی "تیرۆر" لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی هەدەپە و ژمارەیەک پەرلەمانتاری دیکە دەستگیرکرا و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا لە زیندانی ئەدیرنەیە، سەرەڕای ئەوەی چەند جارێک لەلایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا داوای ئازادکردنی کراوە، بەڵام حکومەتی تورکیا ئامادە نییە ئازادی بکات.