شەپۆلی بەفربارین لە باکووری کوردستان بەردەوامە

بەفربارین باکووری کوردستان فۆتۆ: AA

شەپۆلی بەفربارینی چڕ لە باکووری کوردستان بەردەوامە و بەهۆیەوە دەیان رێگا داخراون.

لە سنووری پارێزگای وان، لە کۆی 446 رێگای داخراو بەهۆی بەفرەوە، 373 رێگا کراونەتەوە و کارەکان بۆ کردنەوەی 73 رێگای دیکە بەردەوامن.

لە جولەمێرگ کە سێ رۆژە بەفری بەردەوام دەبارێت و بەرزیی بەفر گەیشتووەتە چوار مەتر، لە کۆی 38 رێگای داخراو، 20 رێگایان کراونەتەوە.

هەر بەهۆی بەردەوامیی بەفر و ناجێگیریی کەشوهەوا، رۆژی هەینی کرایە پشوو.

لە سنووری بەدلیس-یش بەهۆی بەفری زۆرەوە رێگای چوار گوند داخراون و هێشتا نەتوانراوە بەڕووی هاتوچۆدا بکرێنەوە.

لە سێ شارۆچکەی سنووری شێرناخیش، بەهۆی دروستبوونی لافاو و بارانی بەلێزمە، رۆژێک کرایە پشوو.

لە سنووری قەرس و ئەرزڕووم، دوای چەند کاتژمێرێک کارکردنی تیمەکانی شارەوانی، توانرا رێگای شەش گوند بەڕووی هاتوچۆدا بکرێتەوە کە بەهۆی بەفرەوە داخرابوون.

لە شارۆچکەی ئاکنجیلاری سەربە سیڤاس، بەهۆی بەفری بەردەوامەوە رۆژێک کرایە پشوو، لە شاری قەرسیش بەرزیی بەفر گەیشتووەتە یەک مەتر و چەند رێگایەکیش داخراون.

سەرەڕای هاتنی وەرزی بەهار، بەفربارینی چڕ لە باکووری کوردستان بەردەوامە و بەگوێرەی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کەشانسیی تورکیاش، شەپۆلەکە تاوەکو چەند رۆژێکی دیکە بەردەوامدەبێت.