ئاستی ئاوی بەنداوەکانی باکووری کوردستان بەرزبوونەتەوە

بەنداوى بۆستەپە لە مەڵاتیا.

بەنداوەکانی باکووری کوردستان بەهۆی بارانی زۆری ئەمساڵەوە بوژاونەتەوە و ئاستی ئاو تیایاندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.

بەهۆی بەردەوامی بارانیشەوە، چاوەڕواندەکرێت ئاستی ئاوی بەنداوەکان زیاتر بەرزببێتەوە و هیچ مەترسییەک لەسەر ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ دروستنەبێت.

بەنداوەکانی سنوری ئەلازغ، بینگۆڵ، دەرسیم و ماڵاتیا بەتەواویی بوژاونەتەوە و بارانی زۆر ترسی وشکەساڵیی رەواندووەتەوە.

سەباحەدین شامجی، بەڕێوەبەری هەرێمی نۆیەمی کاروباری ئاو رایگەیاند "لە سنوری ئێمە 27 بەنداوی دروستکراو و بەنداوێکی سروشتی هەیە کە توانای گلدانەوەی 17 ملیار و 552 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان هەیە، لە ئێستادا بەنداوەکان هەشت ملیار و 652 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان تێدایە، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو چوار ملیار و 979 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان تێدا بوو. واتە رێژەی ئاوی بەنداوەکان نزیکەی 32٪ بەرزبووەتەوە".

بەنداوەکانی سنوری دیاربەکر، مێردین و باتمانیش بەراوورد بە ساڵی رابردوو، ئاستی ئاوەکەیان بەرزتر بووەتەوە و زیادبوونی ئاستی ئاوی بەنداوەکان کاریگەریی ئەرێنی کردووەتە سەر ژیانی زیندەرەوەکانی ناوچەکەش.

ئەحمەد کڵچ، مامۆستای زانکۆی دیجلە ئاماژە بەوە دەکات "لەنێو زیندەوەرە شیردەرەکان، باڵندە، مێروو و رووەکەکان ژیانەوە دەستیپێکردووەتەوە، بەهیواین ئەم دۆخە بەمجۆرە بەردەوامبێت. ئاو واتە ژیان، زیندوویەتی، فرەزیندەوەریی و بەرهەم، ئەگەر ئاو نەبێت هیچکام لەمانەش بوونیان نابێت. بۆیە بەنداوەکان بۆ ئێمە زۆر بەهادارن، دڵخۆشین کە بەهۆی زۆری بارانەوە ئاستی ئاوی بەنداوەکانمان بەرزبووەتەوە".

بەنداوەکانی سنوری وانیش کە ساڵی رابردوو ئاستی ئاوەکەیان بە شێوەیەکی مەترسیدار دابەزی و ترسی وشکەساڵی هەموانی نیگەران کردبوو، لە بارانی زۆری ئەمساڵ بێبەشنەبوون. چاوەڕوانیشدەکرێت کۆتایی ئەم مانگە و سەرەتای نیسان ئاستی ئاوی بەنداوەکانی سنورەکە زیاتر بەرزببنەوە.