فالیح فەییاز: هێزەکانی حەشدی شەعبی نزیکبوونەتەوە لە 500 هەزار کەس

فالیح فەییاز، سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبى.

فالیح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، یاسای خزمەت و خانەنشینی دەستەی حەشدی شەعبی لە چەند رۆژی داهاتوودا دەردەچێت.

فەییاز لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی ئاشکرایکرد، هێزەکانی دەستەی حەشدی شەعبی نزیکبوونەتەوە لە 500 هەزار کەس، ئەوەش دیارە قەوارەیەکی گەورەیە و پێویستی بە رێکخستنە.

سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوەشکرد، حەشدی شەعبی لایەنێکی سیاسی نییە، بەڵکو سیستمێکی جیهادییە و لەسەر بنەمای خۆبەخشی بنیاتنراوە، ئەو مووچەیەش کە خۆبەخش وەریدەگرێت، کەمترین مووچەیە.

لە ئێستادا چەندین گروپی جیاجیای چەکداریی لەژیر چەندین ناودا لەناو هێزەکانی حەشدی شەعبیدا خۆیان رێکخستووە، لە ماوەی رابردوودا، بەهۆی هێرشی ژمارەیەک لەو گروپانە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، لەناوخۆی عێراق و سنوورەکانی سووریا، رووبەڕووی هێرشی ئاسمانی ئەمریکا بوونەوە و ژمارەیەک لە سەرکردە و ئەندامانی ئەو گروپانەی سەر بە حەشدی شەعبی کوژران.

لە دوای داگیرکردنی چوار پارێزگای باکوور و خۆرئاوای عێراق لەلایەن چەکدارانی داعشەوە لە ساڵی 2014، عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، فەتوای جیهادی دەرکرد بۆ بەرپەرچدانەوەی داعش، لەسایەی ئەو فەتوایەدا، دەستەی حەشدی شەعبی عێراقی دامەزراوە و بەفەرمیش خراوەتە ناو سیستمی بەرگریی عێراقەوە.