وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا بۆ هاوڵاتیانى: سەردانى رووسیا مەکەن

ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا. فۆتۆ:AP

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کەناڵ8 لەبارەی هێرشەکەی مۆسکۆ، رایگەیاند، پێشتر زانیارییان لەسەر رووداوەکە هەبووە و بەرپرسانی مۆسکۆیان لێ ئاگادار کردووە، داواشی لە هاوڵاتییانی وڵاتەکەی کرد، سەردانی رووسیا نەکەن.

ماتیۆ میلەر, گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە هاوسۆزیی خۆی پێشکەشی قوربانیانی هێرشەکەی مۆسکۆ کرد و ئاشکرایکرد، سەرەتای ئەم مانگە، زانیاریی هەبوو لەبارەی "هێرشێکی تیرۆرستی" پیلان بۆ داڕێژراو لە مۆسکۆ، بۆ هێرشکردنە سەر کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی گەورە"، بۆیە هاوڵاتییانی خۆمان لە رووسیا ئاگادار کردەوە.

راشیگەیاند، لەچوارچێوەی ئەرک و بەرپرسیارێتیی سیاسیدا، بەرپرسانی مۆسکۆیان لەو پلانە ئاگادارکردووەتەوە.

گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی، "ئێمە بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکەین و بەخەمی ئەوەوەین بزانین هیچ هاوڵاتییەکی ئەمریکی بوونەتە قوربانیی ئەو رووداوە. بۆ ئەو مەبەستەش، ئامادەی پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەکی راوێژکارین".

داواشی لە هاوڵاتییانی مۆسکۆ کرد، پابەند بن بەڕێنماییەکانی هێزی ئاسایشی وڵاتەکەیان و جەختیکردەوە ئەوان چاودێری میدیایی ناوخۆی ئەو وڵاتەش دەکەن بۆئەوەی دوایین زانیارییەکان لەوبارەیەوە بزانن.

هاوکات، داوای لە ئەمریکییەکان کرد گەشتەکانیان بۆ رووسیا راگرن، ئەوانەش کە لەوێن پێویستە دەستبەجێ ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن.

شەوی رابردوو هێرشێکی چەکداریی کرایەسەر یەکێک لەهۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان لە مۆسکۆ و بەهۆیەوە نزیکەی  150 کەس گیانیانلەدەستدا و نزیکەی 400ی دیکەش برینداربوون.