زێلێنسکی: پوتن دەیەوێت ئۆکرانیا بە هێرشەکەی سەر مۆسکۆ تۆمەتبار بکات

ئەو هۆڵی ئاهەنگگێڕانەی داعش لە مۆسکۆ هێرشیکردەسەر. فۆتۆ: AP

سەرۆکی ئۆکرانیا هاوتا رووسییەکەی بە هەوڵدان بۆ تۆمەتبارکردنی وڵاتەکەی بە هێرشکردنەسەر هۆڵی ئاهەنگەکانی مۆسکۆ تۆمەتبار دەکات.

ڤۆڵۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە وتاری رۆژانەی خۆیدا رایگەیاند، "پوتن و سەرکردەکانی دەوروبەری هەوڵدەدەن هێرشەکەی سەر هۆڵی ئاهەنگەکەی مۆسکۆ بخەنە ئەستۆی ئۆکرانیا".

شەوى هەینى ژمارەیەک چەکدار هێرشیانکردەسەر هۆڵێکى ئاهەنگگێڕان لە دەوروبەرى مۆسکۆى پایتەختى رووسیا، بەهۆیەوە 143 کەس کوژران و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون، هێرشەکەش کاردانەوەى زۆرى جیهانیى بەدواى خۆیداهێنا.

پاش هێرشەکە، رێکخراوى داعشی خوراسان، بەرپرسیارێتى خۆى لە هێرشەکە راگەیاند و ئاماژەى بەوەدا، لەلایەن ئەندامەکانیانەوە هێرشەکە ئەنجامدراوە.

رۆژی 23ـی ئازار، کۆشکى کرێملن رایگەیاند"11 گومانلێکراو دەستگیرکران کە چواریان تۆمەتبارى سەرەکیی هێرشەکەى شەوى رابردووى شارى مۆسکۆن".

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، هەر کەس و لایەنێک دەستیان لە رووداوەکەدا هەبێت سزای دەدەن.