گوندی روناکی بەسڕە نمایشی فۆلکلۆری بۆ رەمەزان پێشکەشدەکات

بە بەشداری چەندین گروپ لە شارە جیاوازەکانی عێراق و کوردستانەوە، لە گوندی روناکی بەسڕە نمایشی فۆلکلۆری مانگی رەمەزان  بەڕێوەچوو، چەندین گۆرانی و سەما و هەڵپەرکێی جیاواز پێشکەش کران.

دانیشتووانی شاری بەسڕە و گەشتیارانی شارەکە، لە شەواندا سەردانی گوندی رووناکی دەکەن، بۆ بینینی ئەو نمایشە فۆلکلۆرییانەی کە لەوێدا پێشکەش دەکرێن.

لەو گوندەدا کە بە گڵۆپ رازێندراوەتەوە، شەوانی مانگی رەمەزان لەسەر ستەیجێکی تایبەت، چەندین نمایش پێشکەش دەکرێت، وەک وتنەوەی گۆرانییە فۆلکلۆرییە عێراقییەکان بە گروپ، میوانداری کردنی هونەرمەندان، بەشداریکردنی گروپی هەڵپەرکێ و گۆرانی لە شارە جیاوازەکانی عێراق و کوردستانەوە.

لە بەشێکی چالاکییەکانی شەوانی رابردووشدا چەند گروپێکی کورد، بە جلی کوردییەوە بەشداریی نمایشەکەیان کرد لەگەڵ وتنەوەی سرودی نەورۆزدا، گۆرانی و هەڵپەرکێ و نمایشی جیاوازییان پێشکەشکرد.

گوندی روناکی لە بەسڕە پڕۆژەیەکی شاری بەسڕەیە و رووبەرەکەی 16 دۆنمە، کە نەخشەی عێراق و فیگەری هاوشێوەی شوێنەوارە مێژووییەکانی شارەکانی عێراق لەخۆدەگرێت.