لقى سلێمانیى یەکێتیى بەڵێندەرانى کوردستان وەڵامى وەزیرى دارایى دەدەنەوە

کۆنفرانسى رۆژنامەوانى لقی سلێمانیی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان. فۆتۆ: کەناڵ8

لقى سلێمانیى یەکێتیى بەڵێندەرانى کوردستان، وەڵامى وەزیرى دارایى و ئابوریى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەدەنەوە و جەخت لەوەدەکەنەوە، لە 2014ەوە هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ خەرجنەکراوە، داواشی لێدەکەن دەستلەکاربکێشێتەوە.

ژین عەبدوڵا، ئەندامی کارگێڕیی لقی سلێمانیی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا گوتى، وەزیرى دارایى لە دیدارێکدا باسى سەرجەم خەرجییەکانى کرد، بەڵام بەهیچ شێوەیەک باسى پارەى بەڵێندەرانى نەکرد.

روونیشیکردووەتەوە، نوسراوێکى کردووە بۆ بەڕێوەبەرایەتى گشتى بانکى هەرێم و تێیدا ئاماژە بەوەکراوە، خەرجکردنى پارە تاوەکو 10 ملیۆن دینار لە دەسەڵاتى بەڕێوەبەرى بانکەکاندایە و لە 20 ملیۆن دینار و زیاتر پێویستە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى دارایی بکرێت.

ئاماژەى بەوەشکرد، ئەو دوو بابەتە لەهیچ خڵێکدا یەکدى ناگرنەوە، چونکە کە دەڵێت مانگانە 60 ملیار دینار جەرخدەکرێت، پرۆژەکانى سلێمانى بە 10 ملیۆن دینار تەواو ناکرێت، لەکاتێکدا نزیکەى هەزار پرۆژە راوەستاون و 85%ـى بەشێکى زۆرى پرۆژەکان تەواوبوون، تەنیا پێویستیان بەپارەیەکى کەمە بۆ ئەوەى سەرجەمیان تەواوبکرێن و بخرێنە خزمەتى خەڵکەوە.

ئەندامە کارگێڕییەکەى لقی سلێمانیی یەکێتیی بەڵێندەران گوتیشى، لەم کابینەیەدا پرۆژەى نوێ رادەگەیەندرێت لەکاتێکدا پارە بۆ ئەوانەش خەرجناکرێت، بۆیە داوا لە حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى دارایى دەکەن، مانگانە بڕە پارەیەک بۆ بەڵێندەران خەرجبکات کە لە پێنج ملیار دینار کەمتر نەبێت، بۆ ئەوەى پارە کۆنەکانیان بۆ بگێڕنەوە هەروەها پارە بۆ پرۆژە تەواونەکراوەکان خەرجبکرێت.

باسى لەوەشکرد، وەزیرى دارایى گوتى کە مووچە و پرۆژە و خەرجکردنى پارە هەمووى بووە بە سیاسى، بۆیە داواى لێدەکەن دەستلەکار بکێشێتەوە بۆ ئەوەى کەس نەبێت داواى پارەى لێبکەن، چونکە هەرچۆنێک بێت وەڵامیان نادرێتەوە.