سەرۆکی دادگای فیدراڵی: ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە پێشینەی کارەکانمانە

سەرۆککۆمار و سەرۆکی دادگای فیدراڵیی عێراق

سەرۆکی دادگای فیدراڵیی عێراق رایدەگەیەنێت "دادگاکەیان بێلایەنانە مامەڵەدەکات و بە یەک ئاست مامەڵە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەکات".

دەشڵێت: "ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە پێشینەی کارەکانمانە".

رۆژی یەکشەممە 24ی ئاداری 2024، سەرۆککۆمارى عێراق لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کۆبووەوە و جەختیان لە جێبەجێکردنی دەستوور و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغداد و هەولێر کردەوە.

بەگوێرەى راگەیەندراوێکی نوسینگەکەی، لە کۆبوونەوەکەدا عەبدولەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق رایگەیاندووە " به یاسا و ده ستوور و دیموکراسی کێشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت".

هەر بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا دادوەر جاسم محەمەد عەبود، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق رایگەیاندووە "دادگای باڵای فیدراڵی بەیەک ئاست لە هەمووانەوە دوورە و خەمی کارکردنە بە دەقی دەستوور و یاساکان".

جاسم محەمەد عەبود باسیلەوەشکردووە "ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە پێشینەی کارەکانی دادگاکەیەتی".