سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ فراکسیۆنى یەکێتى: كێشەی مووچەی پێشمەرگە و هێزەكانی ناوخۆ چارەسەركرا

کۆبوونەوەى محەمەد شیاع سودانى و فراکسیۆنى یەکێتى لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق.

فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبووەوە و رایگەیاند "سەرۆکوەزیرانى عێراق ئاماژەى بەوە کردووە : كێشەی مووچەی پێشمەرگە و هێزەكانی ناوخۆ و دەزگا ئەمنیەكان چارەسەركراوە و هەنگاوەكانیش بۆ بەبانکیکردنى مووچە و ئەژماری بانكی روو لەچارەسەرن".

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "سەبارەت بە قەیرانی مووچە، فراكسیۆنی یەكێتی، وێرای سوپاسكردنی سەرۆكوەزیران بۆ پەرۆشییان بۆ چارەسەركردنی كێشەكە، داوای كرد پەلە بكرێ لە تەواوكردنی هەنگاوەكانی تر بۆ چارەسەركردنی ریشەیی كێشەكە، كە خەڵكی كوردستانی تووشی نەهامەتییەكی گەورە كردۆتەوە، هەروەك داواشی كرد، پرۆسەی تەوتین و ئەژماری بانكی چارەسەر بكرێ، لەبەرامبەردا سەرۆكوەزیران جەختیكردەوە، حكومەتەكەی خۆی بەرپرسیار دەزانێت لە دابینكردنی مووچە بۆ هەموو هاوڵاتیانی عێراق بەبێ جیاوازی و دڵنیاییدا كێشەی مووچەی پێشمەرگە و هێزەكانی ناوخۆ و دەزگا ئەمنیەكان چارەسەركراوە و هەنگاوەكانیش بۆ تەوتینی مووچە و ئەژماری بانكی روو لەچارەسەرن".

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە "سەبارەت بەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، فراكسیۆنی یەكێتی هەڵوێستی یەكێتی دووپاتكردەوە، كە هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا ئەنجام بدرێ. لەبەرامبەریشدا سەرۆكوەزیران روونیكردەوە،  حكومەتەكەی ئەركی لە دابینكردنی بودجەی هەڵبژاردن و هاندان و هاوكاری كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان جێبەجێ كردووە و لەگەڵ ئەوەن هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت".

 راگەیەندراوەکە ئاماژە بە پرسى سەروەری خاك و ئاسمانی هەرێمی كوردستان و ئاسایشی ناوچە سنورییەكان دەکات و دەڵێت "فراكسیۆنی یەكێتی داوای كرد، حكومەتی ئیتحادی هەوڵەكانی چڕتر بكاتەوە تا لەرێگای كەناڵە دیپلۆماتیەكانەوە چارەسەری بكات".

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە "فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى عێراق داواى لە سەرۆكوەزیران کرد هەوڵەكانی بخاتەگەڕ بۆ هەڵگرتنی ئابڵۆقەی سەر فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، لەمبارەیەوە سەرۆكوەزیران رایگەیاند لەگەڵ توركیا گفتوگۆ دەكەن و هەوڵی چارەسەركردنی دەدەن".

سەبارەت بە کۆبوونەوەکە نوسینگەى رۆژنامەوانى سەرۆکوەزیرانى عێراق راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەى بەوە کرد "لە کۆبوونەوەکەى لەگەڵ فراکسیۆنى یەکێتى لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق ئاماژەى بەوە کرد بەگوێرەى بڕیارى دادگاى فیدراڵى دەستکراوە بە پارەدارکردنى حکومەتى هەرێمى کوردستان و هەردوو وەزارەتى دارایى عێراق و هەرێمى کوردستان لە کارەکانیان بەردەوامن بۆ بەبانکیکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان".

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە "جەخت لەسەر بەردەوامبوونى کۆبوونەوەکانى نێوان حکومەتى عێراق و حکومەتى هەرێمى کوردستان کرایەوە لەبارەى دۆسیە هاوبەشەکان و چارەسەرکردنى کێشەکان بەگوێرەى دەستوور".