ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی باشماخ زیادیکردووە

دەروازەی باشماخ فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8

بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی باشماخ رایگەیاند، ساڵی 2023 یەک ملیۆن و 163 هەزار تۆن، کاڵا لە دەروازەی سنووریی باشماخەوە ئاڵوگۆڕی پێکراوە، دەڵێت: "لەڕووی کێش-ەوە بەراورد بە ساڵی 2022بەڕێژەی 34% زیادیکردووە".

فەرید حەقپەنا، بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی باشماخ لە دیوی ئێرانەوە رایگەیاند، ساڵی 2023 بڕی ئەو کاڵایانەی هاوردە و هەناردە کراون لە دەروازەکەوە، یەک ملیۆن و 163 هەزارتۆن بووە، کە بەهاکەی زیاتر بووە لە 703 ملیۆن دۆلار.

حەقپەنا  دەشڵێت: "چالاکیی بازرگانی لە دەروازەی سنووریی باشماخ لەساڵی 2023دا بەراورد بەساڵی 2022 بەڕێژەی  59% گەشەیکردووە".

سەبارەت بە هاتووچۆی گەشتیاران-یش رایگەیاند، لە ساڵی 2023دا، یەک ملیۆن و 200 هەزار گەشتیار لەرێگای ئەو دەروازە سنوورییەوە هاتوچۆیان کردووە بەراورد بە ساڵی 2022 بەڕێژەی 42% ئەو هاموشۆیەش زیاتربووه.

بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی باشماخ ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا دەروازەی سنووریی باشماخ لە دوای دەروازە سنورییەکانی شەهید رەجایی لە بەندەرعەباس و پەروێزخان لە قەسری شیرین، پلەی سێیەمی ئێرانی بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی گرتووە.