جەمیل رۆژبەیانی.. نووسەری مێژووی کورد و داکۆکیکاری نەتەوەیی

نووسەر، وەرگێڕ، مێژوونووس، لێکۆڵەر و زانای ئاینی بووە، قسەخۆش و هاودەمی ژمارەیەکی دیار لە سەرکردە کوردەکان بووە، مەلا جەمیل رۆژبەیانی، 26ی ئازاری 2001 تیرۆرکراوە.

جەمیل، کوڕی مەلا ئەحمەد رۆژبەیانییە، ساڵی 1913، لە گوندی فەرقانی ناوچەری قەرە حەسەنی شاری کەرکوک لەدایکبووە، مەلا ئەحمەدی باوکی، خوێنەوار و زانایەکی ئاینی بووە، لەسەر دەستی خوێندوویەتی و بڕوانامەی خوێندەواریی لێ وەرگرتووە، ئەمەش لەکاتێکدا بووە، جەمیل رۆژبەیانی، هیچ ناوەندێکی خوێندنی نەبڕیوە و خاوەنی هیچ بڕوانامەیەکی باڵا و ئەکادیمی نەبووە.

گەورەبوونی لە ژینگەیەکی ئاینییدا، کاریگەریی لەسەر دروستکردووە و لەسەر دەستی مەلا رەزای واعیز، مۆڵەتی مەلایەتیی پێدراوە، هاوکات، لەگەڵ خوێندنی ئایندا، زمانەکانی فارسی، تورکی و عەرەبی فێربووە، ساڵی 1922، لە سایەی شێخ مەحمودی حەفید و گەیشتنی باوکی بە شاری سلێمانی، بۆ یەکەمینجار لە ژیانیدا، چاوی بە رۆژنامە و جیهانی بڵاوکراوەکان کەوتووە.

ساڵی 1934، بە کوژرانی باوکی کاریگەر دەبێت، ئەم رووداوە، رێچکەی ژیان و شێوازی بیرکردنەوە و تێڕووانینی بەرامبەر بە ژیان و دەوروبەری خۆی دەگۆڕێت.

هەژار موکریانی، لە چێشتی مجێوردا ئاماژە بەوە دەدات؛ لە قۆناغی حوکمڕانیی هیتلەر لە ئەڵمانیا، ژمارەیەکی زۆر لە عێراقییە نازییەکان دەگیرێن و جەمیل رۆژبەیانیش بە هەمان تۆمەت دەخرێتە زیندانەوە، ساڵێک لە زیندانی عەمارەدا دەمێنێتەوە و لە چوارچێوەی ئەم گیرانەدا شەرەفنامەی بەدلیسی لە فارسییەوە دەخاتە سەر زمانی عەرەبی.

مەلا جەمیل رووناکبیرێکی گەورە بووە، لە هەناوی پرسە ئاینییەکاندا را و بۆچوونی لەسەر دیاردە و نەریتە کوردییەکان دەربڕیوە، سەبارەت بە نەورۆز، ساڵی 1948، لە گۆڤاری دەنگی گێتی تازە، بابەتێک لەسەر ئەم جەژنە دەنووسێت و وەڵامی ژمارەیەک پیاوی ئاینی و شێخ دەداتەوە، کە ئاهەنگگێڕانیان بۆ ئەم جەژنە بە لادانی ئاینیی دیاریکربوو، بە هۆی بڵاوکردنەوەی ئەم وتارەوە، نەفی دەکرێت بەرەو خارووی عێراق، لە سەرەتای پەنجاکانیشدا، کتێبێک سەبارەت بە مێژووی سۆفیگەریی لە کورستان دەنووسێت و بە چەند بەشێک لە رۆژنامەی ژین بڵاویدەکاتەوە، بەرگرییەکی گەورەی لە دۆزی کورد کردووە لە باکوری کوردستان و وتاری وەڵامدانەوەی بەرامبەر بە حکومەتی تورکیا نووسیوە، هاوکات رێگەی داوە بڵاوکراوەکانی حزبی شیوعی عێراقی، لە ماڵەکەیدا بڵاوبکرێنەوە و تەنها بەمەبەستی پاڵپشتیکردن لەو کەسانەی کە دژی دەسەڵاتن ئەم کارەی کردووە.

پاش شۆڕشی 14ی تەمموز، لەگەڵ شاندێکی عێراقیی لە کورد و عەرەب، روو لە یەکێتی سۆڤیەت دەکەن، لەگەڵ کەسایەتییە دیارەکانی وەکو: گۆران و شێخ لەتیف حەفیدزادە، لەگەڵ خرۆشۆفی سەرۆکی ئەوکاتی یەکێتی سۆڤیەت کۆدەبنەوە و داوای مافی کوردیان کردووە.

لە شەستەکاندا، جەمیل رۆژبەیانی، وەکو بێژەر، نووسەر و وەرگێڕ لە بەشی کوردی رادیۆی تاران کاری کردووە، و لەوێ ناسیاویی لەگەڵ زۆرینەی کەسایەتییە کوردییەکان پەیداکردووە، لەماوەی 15 ساڵی ژیانکردن لە ئێران، بەرەنگاری هەموو ئەو هەوڵانە بووەتەوە کە دژی کورد ئەنجامدراون، ساڵی 1979، پاش گەڕانەوەی لە ئێران، بووە بە ئەندامی کارای کۆڕی زانیاریی کورد، دەستی داوەتە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی زانستی و مێژوویی و ئەدەبی.

جەمیل رۆژبەیانی، زمانەوانێکی شارەزا بووە، لە ریشەی سەرهەڵدانی وشەکانی کۆڵیوەتەوە، ئاشنایەتیی لەگەڵ دیارترین مێژوونووسە کوردەکان هەبووە، لەوانە: ئەمین زەکی بەگ، تۆفیق وەهبی، مەسعود محەمەد، حسێن حوزنی موکریانی، د. موکەرەم تاڵەبانی و چەندینی دیکە، هاوکات، لەگەڵ شاعیراندا خۆشخوان و هاوڕێ بووە، لەوانە: هێمن، هەژار و زەبیحی.

لە بوارەکانی مێژووی دێرینی کورد لە شارستانییەتی ئیسلامیدا، هاوتای رەتکردنەوەی هەوڵی نەتەوەکانی دیکە لە دژایەتیکردنی کورددا، رۆڵێکی گەورە و بەرچاوی دیوە، هاوکات لە بوارەکانی ئەدەب و سیاسەتیشدا بەرهەمی گەورە و دیاری هەن، لە دیارترین کارەکانی جەمیل رۆژبەیانی بریتین لە:

وەرگێڕانی شەرەفنامە لە فارسییەوە بۆ عەرەبی
وەرگێڕانی سلێمانی  وڵاتی بۆ زمانی عەرەبی
وەرگێڕانی یاداشتەکانی مەئمون بەگ بۆ عەرەبی
شۆڕشی کورد لە کوردستانی تورکیا
دینەوەر و ناودارانی
خانەقین
مەندەلی

مەلا جەمیل رۆژبەیانی، دوا قۆناغەکانی ژیانی لە بەغداد بەسەربردووە، لە درەنگانێکی شەوی 26ی ئازاری 2001، لە تەمەنی 88 ساڵییدا تیرۆرکراوە.