ئەمشەو پۆڵەندا و وێڵز شەڕ لەسەر بلیتێکی یورۆی 2024 دەکەن

دیمەنی ئاهەنگگێڕانی یاریزانانی هەڵبژاردەی پۆڵەندا دوای تۆمارکردنی گۆڵ بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیستۆنیا. فۆتۆ:AP

پاڵاوتنەکانی یورۆی 2024 بەردەوامە، لە قۆناغی کۆتایی پاشکۆکاندا هەڵبژاردەی وێڵز لە یاریگەی "کاردیف سیتی" میوانداریی پۆڵەندا دەکات، ئەم یارییەش بە یەکسانبوون کۆتایی نایەت، مەگەر یەکێک لە دوو جەمسەرەکە ئاهەنگی سەرکەوتن نەگێڕێت.

مایکڵ پرۆبێرز، راهێنەری پۆڵەندا تەواوی یاریزانانی وڵاتەکەی بۆ ئەم یارییە چارەنوسسازە بانگهێشتکردووە، لە دوایین یەکەی مەشقوراهێنانیشدا کە لە یاریگەی کاردیف ئەنجامدرا، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکیی ئەستێرەی یانەی بەرشلۆنە و هەریەک لە پیۆتەر زێلینسکی و جەیکۆب کیویۆر و ڤویچیک چێزنی ئامادەی راهێنانەکان بوون، کە رۆڵێکی گرنگیان بۆ هەڵبژاردەکە هەیە.

براوەی قۆناغی پاشکۆکان بەشداریی لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپای هاوینی 2024 دەکات، براوەی یارییەکە لەو بۆنە وەرزشییەشدا ئەرکی ئاسان نابێت و دەکەوێتە کۆمەڵەی چوارەمەوە و بەرامبەر فەرەنسا و هۆڵەندا و نەمسا یاریدەکات.

ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردەی وێڵزیش هیچی لە رکابەرەکەی کەمتر نەبووە، رۆبێرت پەیجی راهێنەری وێڵز گرنگترین ئەو یاریزانانەی بانگهێشتکردووە کە لە خولەکانی ئینگلتەرا و وێڵزی ناوخۆیی یاریدەکەن، لە نموونەی ئارۆن رامسی، بین دەیڤیز، تۆم کینگ و دانی وارد.

لەرووی مێژوویی و ژمارەکانیشەوە، لەدوایین چوار رووبەڕووبوونەوەی نێوان پۆڵەندا و وێڵز، پۆڵەندییەکان باڵادەستبوون و توانیوویانە لەهەر چوار یارییەکەدا سەرکەوتن تۆماربکەن، لەکۆی ئەو چوار یارییەشدا پێنج گۆڵیان تۆمارکردووە و تەنیا یەک گۆڵیان لەسەر تۆمارکراوە.