ئیسپانیا و بەڕازیل لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ هێزی خۆیان تاقیدەکەنەوە

نمایشکردنی درێسی هەڵبژاردەکانی بەڕازیل و ئیسپانیا لەلایەن سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی بەڕازیل و سەرۆکی پێشووی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا. فۆتۆ:AP

هەڵبژاردەی ئیسپانیا دووەم یاریی دۆستانەی تاقیکاری بۆ یورۆی 2024 بەرامبەر هەڵبژاردەی سێلیساوی بەڕازیلی ئەنجامدەدات، ئەمجارە ئیسپانییەکان بەسەرکەوتن بەسەر رکابەرە لاتینییەکە دەیانەوێت قەرەبووی شکستی یاریی پێشوویان بەرامبەر کۆڵۆمبیا بکەنەوە، دیلا فیۆنتی راهێنەری "لارۆخا" چەند گۆڕانکارییەک لە پلان و خشتەی ئەو یاریزانانەشدا دەکات کە لە یارییەکەدا بەشدار دەبن.

لەبەرامبەردا، هەڵبژاردەی "سەماکەرانی سامبا" لەدوایین یاری دۆستانەیاندا لە یاریگەی وێمبڵی رووبەڕووی ئینگلتەرا بوونەوە و توانیان بەگۆڵێکی ئێندریک فیلیپی تیپەکەی ساوسگەیت دووچاری شکستبکەن.

مێژووی رووبەڕووبونەوەکانی نێوان ئیسپانیا و بەڕازیل لەبەرژەوەندیی بەڕازیلە، لە دوایین شەش یاریی نێوانیاندا "ماتادۆ" نەیانتوانیوە هیچ گۆڵێک تۆماربکات.

بەپێچەوانەی پاڵەوانی مۆندیالی 2010وە، بەڕازیلی میوان بە سەرکەوتن بەسەر ئینگلتەرا کۆتاییهێنا بەزنجیرەی شکستە لەسەریەکەکانی و دوای یەکسانبوونێک و سێ شکست توانیان یەکەم بردنەوە تۆماربکەن، لەرێگەی ئەنجامە باشەکانەوە، دۆریڤاڵ جونیۆری راهێنەر دەیەوێت بەر لەکۆپا ئەمریکا هێڵەکانی بە چەشنی رابردوو رێکبخاتەوە و ئەنجامێکی بەرچاو تۆماربکات، لە کاتێکدا هەڵبژاردە رکابەرەکانی وەک ئەرجەنتین و کۆڵۆمبیا تادێت زیاتر گەشەدەکەن.

ئەگەر چاوێک بەمێژووی یارییە دۆستانەکانی بەرازیلدا بخشێنینەوە، بۆمان دەردەکەوێت لە یارییە دۆستانەکاندا هەمیشە بەخت یاوەریان بووە و لە ئۆکتۆبەری 2013 وە جگە لە یەک شکست لە سەرجەم یارییە دۆستانەکانی دەرەوەی یاریگەی خۆیاندا جەمسەری براوە بوون، لەکۆی 23 یاری 21 بردنەوەیان بەدەستهێناوە، هاوکات لەدوایین شەش یاری دۆستانەشدا چوار جار لە گێمەکانی یەکەمدا دوو گۆڵ و زیاتریان تۆمارکردووە.