بەوێنە.. لە ئەمریکا کەشتییەکی بارهەڵگر خۆی بە پردێکدا کێشا

وێنەی شوێنی رووداوەکە فۆتۆ: AFP

لە شاری بالتیمۆر لە ویلایەتی ماریلاندی ئەمریکا، کەشتییەکی بارهەڵگرى سینگاپوورى خۆی بە پردێکدا کێشا و پردەکەى رووخاند و بەهۆیەوە بارهەڵگرێک و 20 کەس کەوتوونەتە رووباری پاتاپسکۆوە

بەگوێرەى زانیارییەکان، کەشتییەکە لەلایەن کۆمپانیای مێرسکەوە بەکرێگیراوە و کۆنتێنەری سینگاپوری هەڵگرتووە و بڕیاربووە کەشتییەکە بەرەو شاری کۆڵۆمبۆی سریلانکا بڕوات، بەڵام لە دەوروبەری کاتژمێر یەک و نیوی بەرەبەیان بە کاتی ناوەندی ئەمریکا، خۆی بە پردەکەدا کێشاوە و پاشان ئاگر تیایدا کەوتووەتەوە و پردەکەشی رووخاندووە.

دوابەدوای رووداوەکە ویس مور، حاکمی ویلایەتی ماریلاند، لە پلاتفۆرمی ئێکس باری لەناکاوی راگەیاندووە و دەشڵێت، بەهۆی داڕووخانی پردەکەوە چەندین ئۆتۆمبێل لەنێویشیاندا بارهەڵگرێک و 20 کەس کەوتوونەتە رووباری پاتاپسکۆوە و باس لەوە دەکرێت، ئەو کەسانە هێشتا بێسەرووشوێنن و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە.

حاکمی ئەو ویلایەتە دەشڵێت، لەگەڵ چەندین تیمی جیاوازدا کاردەکەن بۆ ئەوەی لە ئیدارەی فیدڕاڵی بایدنەوە سەرچاوە پێویستەکانیان پێبگات و لەبارەی رووداوەکە بکۆڵنەوە.

هێشتا زیانەکانى رووداوەکە ئاشکرانەکراوە، لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی ویلایەتی ماریلاند رایانگەیاندووە، بەهۆی رووداوەکەوە لە بەندەری بالتیمۆر چالاکی کەشتیگەلیی بۆ ناوەوە و دەرەوەی بەندەرەکە تاوەکو کاتێکی نادیار راگیراوە .

پردەکە ناوی فرانسیس سکۆت کییە و لەساڵی 1977ەوە کراوەتەوە و ئەو کەشتییەی پردەکەى رووخاوە، درێژییەکەی نزیکەی 300 مەترە و پانییەکەی نزیکەی 48 مەتر دەبێت.