سامانە سروشتییەکان: هەوڵەکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن

گڕى یەکێک لە کێڵگە نەوتییەکانى تەقتەق لە سنوورى پارێزگاى هەولێر لە هەرێمى کوردستان.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 26ی ئازاری 2024، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی راگرتنی نەوتی هەناردەی هەرێمی کوردستان، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی نیسانی ساڵی 2023 لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت رێککەوتن، بەڵام وێڕای ئەم رێكەوتنەش هەناردەی نەوت دەستی پێ نەکردووەتەوە و، بەهۆی بڕگە نادادپەروەرییەکانی یاسای بودجەوە پرۆسەكە زیاتر ئاڵۆز كراوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "پیشەسازیی نەوتی هەرێم لە رێگەی وەبەرهێنانی دەرەكی و بەبێ خەرجكردنی یەك دینار لە بودجەی وڵات دامەزراوە، كەچی لە یاسای بوودجەدا بە هاوشێوەی ئەو پیشەسازییەی نەوتی عێراق هەژمار كراوە، كە لەسەر ملیارەها دۆلار لە بودجەی گشتیی وڵات دامەزراوە".

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رەخنە لەو بڕە پارەیە دەگرێت کە بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم تەرخانكراوە و دەڵێت، "بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ تێچوونی راستەقینەی پرۆسەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستان ناگونجێت".

راگەیەندراوەکەی وەزارەتەکە دەڵێت "حکومەتی هەرێمی کوردستان نییەت پاکبووە" و زیاتر لە 11 ملیۆن بەرمیل نەوتی رادەستی حکومەتی فیدراڵ کردووە "بەڵام یەک دیناری وەرنەگرتووە بۆ ئەوەی بتوانێت شایستە داراییەکانی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت بداتەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "نەوتی هەرێم تەنها لە (10%)ی نەوتی هەناردەكراوی عێراق پێک دەهێنا و داهاتی ئەم نەوتە تەنها بەشێک لە شایستە داراییەکانی خەڵكی هەرێم لە بودجەی گشتیی وڵات بوو. هەر لە دوای ڕاگرتنی هەناردنی نەوتی هەرێم، هەرێمی كوردستانیان خستووەتە ناو قەیرانێكی دارایی توندەوە، كە بەهۆیەوە پێدانی موچەكانی فەرمانبەرانی هەرێم دواكەوتووە، لە کاتێکدا ئەو کات بە پارەی نەوتەوە مانگانە مووچەی فەرمانبەران بەبێ دوا کەوتن دەدرا".

راگەیەندراوەکە باس لە هەوڵەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، "هەردوو وەزارەتی نەوتی حكومەتی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان راسپێردراون بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگ و گرفتی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ".

دەشڵێت، "بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە و گەیشتن بە رێككەوتنێك، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵی هەوڵەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەستپێکردووە".