ئیسماعیل هەنیە بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە تاران

ئیسماعیل هەنیە و حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان فۆتۆ: AFP

لەدوای زیاتر لە 5 مانگ لە دەستپێکردنی جەنگی نێوان بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل، ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەى حەماس، بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە تاران-ی پایتەختی ئێران.

رۆژی سێشەممە 26ـی ئازاری 2024، میدیای ئێران بڵاویکردەوە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەى حەماس گەیشتووەتە تاران و لەلایەن حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهییان، وەزیری دەرەوەی ئێران، پێشوازیی لێکراوە، بڕیاریشە دوای ئەوە چاوی بە گەورە بەرپرسانی دیکەی ئێران بکەوێت.

لەدوای دەستپێکردنی جەنگ لە نێوان بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، ئەمە بۆ جاری دووەمە، ئیسماعیل هەنیە سەردانی تاران بکات و پێشتریش لە سەرەتای تشرینی دووەمی 2023دا سەردانی ئێرانی کرد و چاوی بە عەلی خامنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئەو وڵاتە کەوت.

سەردانەکەی هەنیە لەکاتێکدایە، ئەنجوومەنی ئاسایشى سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، پرۆژەبڕیارێکی پەسەند کرد بە راگرتنى جەنگ لە کەرتی غەززە.