ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى ئەنتۆنى بلینکین و فوئاد حسێن لە ئەمریکا

فوئاد حسێن و ئەنتۆنى بلینکین. فۆتۆ: AFP

ئەنتۆنی بلینکین، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەگای سەرەکی وەزارەتی دەرەوە لە واشنتن پێشوازی لە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کرد.

لە کۆنفڕانسێکى رۆژنامەوانى هاوبەشدا لەپاش کۆبوونەوەکە، ئەنتۆنى بلینکن، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا رایگەیاند "خۆشحاڵین بەسەردانى وەزیرى دەرەوەى عێراق بۆ ئەمریکا و چاوەڕوانى سەردانى سەرۆکوەزیرانى عێراقین کە بڕیارە رۆژى 15ى نیسان سەردانى ئەمریکا بکات".

وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا روونیکردەوە "کۆبوونەوەى ئەمڕۆمان بەشێکە لە ستراتیجى پەیوەندییەکانى نێوانمان".

گوتیشى "لە کۆبوونەوەکەدا پرسى وزە و ئاو و کەشوهەوا و ئاڵنگارییەکانى ناوچەکەمان تاوتوێ کرد".

جەختیشیکردەوە "ئێمە عێراق وەک بەشێکى گرنگ لە ئارامى ناوچەکە دەبینین و پەیوەندییەکى چڕوپڕمان لەگەڵ عێراق هەیە".

لەبەشێکى ترى کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا فوئاد حسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق ئاماژەى بەوە کرد "ئێمە و ئەمریکا هاوبەشێکى گرنگ و ستراتیجى یەکترین".

گوتیشى "بەهاوبەشى لەگەڵ ئەمریکا داعشمان تێکشکاند".

وەزیرى دەرەوەى عێراق جەختى کردەوە "ئەمریکا هاوکارمان دەبێت لە بونیادنانەوەى عێراق".

گوتیشى "خۆشحاڵم لە ئەمریکام و کۆبوونەوە لەگەڵ چەند بەرپرسێکى ئەمریکا دەکەم و هەردوولامان پێویستە لە هەندێک پرس بۆچوونى یەکتر وەربگرین".

کۆبوونەوەکە لەکاتێکدایە کە پێشتر باسم عەوادی، گوتەبێژی حكومەتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، تەوەری سەرەكی سەردانەكەی سەرۆكوەزیران بۆ واشنتن، گفتوگۆكردنە لەسەر ئاسۆی پەیوەندییەكانی داهاتووی پاش هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، پاشان گواستنەوە بۆ پەیوەندییە هەمەلایەنەكانی نێوان هەردوولایەن، لەوانە لایەنی ئەمنی، سەربازی و چاكسازی.

هاوکات وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا راگەیەندراوێکى لەسەر کۆبوونەوەى فوئاد حسێن و ئەنتۆنى بلینکن بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە "لە کۆبوونەوەکەدا هاریکارییەکان لەسەر پرسە ئەمنیى و ئابووریی و سیاسیى و دیپلۆماسییەکان تاوتوێکراون".

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە "ئەنتۆنى بلینکن هانى بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و هەولێری داوە".