وەزیری بەرگریی عێراق: لەگەڵ تورکیا رێککەوتنمان نییە لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان

سابت محەمەد عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق. فۆتۆ: AP

سابت محەمەد عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق رایگەیاند، رێکكەوتنیان لەگەڵ تورکیا نییە لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان.

وەزیری بەرگریی عێراق لە لێدوانێکی بۆ تەلەفزیۆنى حەدەسى سعودى، رایگەیاند "هیچ رێککەوتنێکیان لەگەڵ تورکیا نییە، بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی هاوبەش لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان، کە ئەنقەرە بە "تیرۆریست"یان لەقەڵەم دەدات و ناوبەناو هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر بنکەکانیان لە باکووری عێراق".

وەزیری بەرگریی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنی تورکی ئەگەر هەستبکات بە کاریگەریی هێزە عێراقییەکان لەسەر سنووری عێراق، ئەوا بە هیچ شێوەیەک هێزەکانی لە ناو خاکی عێراقدا ناهێڵێتەوە.

سابت عەباسی جەختیکردەوە، دەستووری عێراق، رێگە نادات بە دەستوەردانی دامەزراوە ئەمنییەکان لە کاروباری سیاسی، لە ئێستادا سەرۆکوەزیران بایەخی تەواو دەدات بە بەهێزکردنەوەی ژێرخانی سوپای عێراق.

ئەو وتانەی وەزیری بەرگریی عێراق لە کاتێکدایە، لەسەرەتای ئەم مانگەدا، هەریەکە لەوەزیرانی دەرەوە و بەرگری و هەواڵگری تورکیا سەردانی بەغدادیان کرد، بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی هاوبەشی جێی بایەخی هەردوو وڵات، بە تایبەت دۆسیەی ئاو و ئاسایشی سنورەکان و پارتی کرێکارانی کوردستان.