حکومەتى عێراق نرخى بەنزینى زیاد کرد

فۆتۆ: حەمە سوور

گوتەبێژى حکومەتى عێراق رایگەیاند "لە رۆژى ١ى ئایارى 2024ـەوە نرخى بەنزینى جۆرى موحەسەن و سووپەر زیاد دەکرێت".

لەمیانەى ئەنجامدانى کۆنفڕانسێکى رۆژنامەوانیدا لەپاش کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، باسم عەوادى، گوتەبێژى حکومەتى عێراق رایگەیاند "لە رۆژى ١ى ئایارى 2024ـەوە نرخى یەک لیتر بەنزینى جۆرى موحەسەن دەبێت بە 850 دینار و نرخى یەک لیتر بەنزینى جۆرى سووپەر دەبێت بە 1250 دینار".

لەبەشێکى ترى کۆنفڕانسەکەدا گوتەبێژى حکومەتى عێراق ئاماژەى بەوە کرد کە لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیراندا بڕیار لەبارەى کاتى دەوامى فەرمانبەران دراوە و دوو جۆر کاتى دەوامکردن بۆ فەرمانبەرانى وەزارەت و دامودەزگاکان کراوەتە بڕیار بەجۆرێک بەشێکیان لە کاتژمێر 7 و 8ى بەیانى دەستپێدەکات و بەشەکەى دیکەیان لە کاتژمێر 9 و 10 دەستپێدەکات.