ئەمڕۆ ئەنجوومەنى وەزیران بڕیار لەدابەشکردنى مووچەى فەرمانبەران دەدات

کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان.

بریارە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونى سەرۆکى حکومەت و جێگرەکەى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیران بەرێوەبچێت و تەوەرەى سەرەکى کۆبوونەوەکە باسکردنە لە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان.

بەگوێرەى کارنامەى کۆبوونەوەکەى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان، وەزیرى دارایی هەرێمى کوردستان راپۆرتێک لەبارەى دۆخى دارایی و ئامادەکارى بۆ دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەران پێشکەشدەکات.

مەسرور بارزانى، ئێوارەى دوێنێ 26ى ئازار، رایگەیاند، لەکۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیران بریارێک دەدەن لەبەرژەوەندى خەڵکى کوردستان دەبێت.

بەگوێرەى زانیاریەکانى کەناڵ8 ئەمڕۆ ئەنجوومەنى وەزیران بڕیار لە دابەشکردنى مووچەى مانگى شوباتى فەرمانبەران دەدات.

ماوەى 54 رۆژە مووچەى فەرمانبەران دابەشنەکراوە و لەکۆبوونەوەى رۆژى 13ى ئازاردا ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بریاریدا تا بەغداد مووچەى کارمەندانى سەربازیى و ئەمنى هەرێمى کوردستان نەنێرێت مووچەى مانگى شوبات دابەشناکەن.