هاتوچۆى عێراق: ئەمساڵ هەزار و 300 رووداوى هاتوچۆ روویانداوە

بەڕێوەبەرایەتى گشتى هاتوچۆى عێراق، رایگەیاند "ئەمساڵ هەزار و 300 رووداوى هاتوچۆ لە عێراق روویانداوە و کۆى رووداوەکان لە ساڵى رابردوو تاوەکو ئەمساڵ بەرزبووەتەوە".

بە گوێرەى راگەیەندراوى بەڕێوەبەرایەتى گشتى هاتوچۆى عێراق، لەسەرەتاى ئەمساڵەوە تاوەکو مانگى ئازار، هەزارو 300 رووداوى هاتوچۆ روویانداوە و کۆى گشتى رووداوەکان لە سەرەتاى ساڵى رابردوو تاوەکو مانگى ئازارى ئەمساڵ بەرزبووەتەوە بۆ هەشت هەزار و 600 رووداوى هاتوچۆ".

ئاماژەى بەوەشداوە، خێرایی زۆر و بەکارهێنانى مۆبایل لەکاتى شۆفێرى و پابەندنەبوون بە یاساکانى هاتوچۆ و نەبوونى بەربەستى پاراستن لەسەر رێگا خێراو نێودەوڵەتییەکان، هۆکارى سەرەکى رووداوەکانى هاتوچۆن.

هاوکات وەزارەتى ناوخۆى عێراق پلانى هەیە بۆ یەکەمجار کامێرا و رادار لەسەر رێگا نێودەوڵەتییەکان جێگیر بکات و سەرەتاش بە رێگاى نێودەوڵەتى واست و کەربەلا دەستپێدەکات.

عێراق یەکێکە لە وڵاتانەى زۆرترین رووداوى هاتوچۆى تێدایە و لە ساڵى 2022 لە سەرئاستى جیهان لە پلەى حەوتەمدا بووە.