لە گرتووخانەکانى عێراق هەشت هەزار سزادراوى لە سێدارەدان هەن

گرتووخانەیەک لە باشوورى موسڵ. فۆتۆ:AP

لە گرتووخانەکانى عێراق نزیکەى هەشت هەزار سزادراوى لەسێدارەدان هەن و لیژنەى مافى مرۆڤى ئەنجوومەنى نوێنەران، داوا لە سەرۆککۆمار دەکات واژۆ لەسەر جێبەجێکردنى سزاکەیان بکات بۆ ئەوەى قەرەباڵغیى گرتووخانەکان کەمببێتەوە.

زوهێر فەتلاوى، ئەندامى لیژنەى مافى مرۆڤ لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی عێراق رایگەیاند، زۆرینەى گرتووخانەکان زیاد لە تواناى خۆیان زیندانییان تێدایە، ئەوەش کاریگەریى نەرێنى لەسەر پێشکەشکردنى خزمەتگوزارییەکان و بڵابوونەوەى نەخۆشى لەناو زیندانییەکاندا هەبووە.

گوتیشى، لە ساڵى 2014ـەوە هەشت هەزار کەس بە تاوانى تیرۆر سزاى لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە و لەوکاتەوە سزاکە جێبەجێنەکراوە.

فەتلاوى داواى لە سەرۆککۆمار کرد، واژۆ لەسەر سزاکەیان بکات لەجیاتی هێشتنەوەیان لە گرتووخانەکان.

سەبارەت بە پرۆژەیاساى لێبوردنى گشتى، ئەو ئەندامەى لیژنەى مافەکانى مرۆڤ رایگەیاند، لیژنەکەیان هەوڵەکانى چڕکردووەتەوە بۆ پەلەکردن لە پەسەندکردنى پرۆژەیاساى لێبوردنى گشتى تاوەکو هەر کەسێک مافى خۆى وەربگرێت.