مەسرور بارزانى: دەست بە دابەشکردنى مووچەى مانگى دوو بکرێت

کۆنفرانسى رۆژنامەوانى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان.

مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، دەست بە دابەشکردنى مووچەى مانگى دوو دەکەن و ئامادەکاریى بۆ دابینکردنى مووچەى مانگى دواتریش دەکرێت.

مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا گوتى، سوپاسى خۆڕاگریى و پشوودرێژیى خەڵکى کوردستان دەکات، بڕیاریانداوە دەست بەدابەشکردنى مووچەى مانگى دوو بکەن و وەزارەتى دارایى راسپاردووە مووچەى مانگى دوو دابەشبکەن و ئامادەکاریى بۆ دابینکردنى مووچەى مانگى سێ و مانگەکانى دواتریش بکرێت.

گوتیشى، حکومەتى فیدراڵى لە بەغداد دەخەنە ژێر بەرپرسیارێتییەکى دەستوریى و ئەخلاقى کە بەڵێنەکانیان بۆ دابینکردنى مووچە جێبەجێبکەن، ئەو ئەرکەى لەسەر شانى هەرێمى کوردستان بووە هەمووى جێبەجێکراوە، وەزارەتى دارایى و ئەنجوومەنى وەزیران و وەزارەتە مەعنییەکان راسپێردراون هەموو رێکارەکان بگرنەبەر و هەموو بیانووەکان کە تاوەکو ئێستا بەکارهێنراون نەیەڵن.

سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیران ئاماژەى بەوەشکرد، ئەوەى لەسەر شانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بووە ئەنجامدراوە، هیوادارن ببێتە قۆناغێکى نوێ بۆ ئەوەى مووچە لەکاتى خۆى و وەکو پێویست دابەشبکرێت.

ئەوەشى ئاشکراکرد، هەروەها لە بەرژەوەندى خەڵکى کوردستان، لە ئەنجوومەنى وەزیران هەندێک بڕیارى دیکەیانداوە، تاوەکو ئەو بارە ئابورییە سەختە ناهەموارەى کەوتووەتەسەر شانى خەڵک سووکبکەن، بۆیە بڕیاریانداوە وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزار دەستبکەن بە تەرخانکردن و دابەشکردنى زەوى بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەى تاوەکو ئێستا لە حکومەت سودمەند نەبوون.

گوتیشى، داوایانکردووە داشکاندن لە بارەى قەرزى کەڵەکەبووى کارەبا بەرێژەى 20% بکرێت، هەروەها داوایانکردووە دەستبکرێت بە داشکاندنى 20%ـى کرێى کەڵەکەبووى سزاى هاتوچۆ، هەروەها داشکاندنى 50%ى رسوماتى هێنانى گۆشت و داشکاندنى 20%ى کرێى خوێندنى پارالێڵ لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان.

لەبارەى بڕیارەکانى دیکە مەسرور بارزانى باسى لەوەکرد، داوایانکردووە لێخۆشبوونى سزاى دواکەوتنى بەشداریى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى بکرێت، راسپاردنى وەزارەتى شارەوانى بۆ داشکاندنى رسوماتى کەڵەکەبووى ئاو بە رێژەى 20%، داشکاندنى رسوماتى شارەوانییەکان بەتایبەتى کرێى کرێچییەکان بە رێژەى 20% و لێخۆشبوون لەسزاى دواکەوتنى باج لەلایەن پیشەوەران و کاسبکاران و کەمدەرامەتان.