ئاگر لە شەش کۆگاى شارى هەولێر کەوتەوە

دیمەنى ئاگرەکەى قوشتەپەى سەربە پارێزگاى هەولێر. فۆتۆ: هەکارى قانع - کەناڵ8

لە شارەدێى قوشتەپەى سەربە پارێزگاى هەولێر ئاگر لە شەش کۆگا کەوتەوە، مەترسیش هەیە بگوازرێتەوە بۆ پێشانگاکانى ئۆتۆمبێل و کێڵگەکانى پەلەوەر لە ناوچەکە.

بەگوێرەى زانیارییەکانى ئەیوب وەرتى، پەیامنێرى کەناڵ8 لەشارى هەولێر، ئاگرەکە لەناو کارگەیەکى کلێنس کەوتووەتەوە و شەش کۆگاى کلێنسن ئاگریانگرتووە.

کەناڵ8 زانیویەتى، مەترسى هەیە ئاگرەکە بگاتە کێڵگەکانى پەلەوەر و پێشانگاکانى ئۆتۆمبێل لە ناوچەکە.

هاوکات، موقەدەم کاروان میراودەلى، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بۆ کەناڵ8 گوتى، "ئاگرەکە گەورەیە و هەندێک ئامێر لەناو کۆگاکاندان کە هەوڵى رزگارکردنیان دەدەن، ئاگر لە شەش کۆگا بەربووە کە بەیەکەوە نووساون".

گوتیشى، شەش ناوەندى ئاگرکوژێنەوە لە شوێنەکەن و سەرقاڵى کۆنترۆڵکردنى ئاگرەکەن، کە قەبارەى چوارەمە و زۆر بەرزە، تاوەکو ئێستا نازانرێت ئەو کەلوپەلانەى لەناو کۆگاکاندان چین.

ئاماژەى بەوەشکرد، بەڵام دەگوترێت کلێنس و پێداویستى پاککردنەوەیان تێدایە، تاوەکو ئاگرەکە کۆنترۆڵنەکرێت و لێکۆڵینەوە نەکرێت، ناتوانن زانیاریى ئاشکرا بکەن.