دیمەنێک لە شانۆیی رووتبوونەوە کە لە تەلاری هونەری شاری سلێمانی نمایشکرا

لە سلێمانی یادی رۆژی جیهانی شانۆ بەرز راگیرا

ئەمڕۆ، لە هۆڵی رۆشنبیریی شاری سلێمانی، بە بەشداری دەیان هونەرمەند یادی رۆژی جیهانی شانۆ کرایەوە.

بەشی هونەری شانۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی، بە دروشمی (با دەرگای شانۆكان كراوەبن.. زۆر لەئاهەكان بێ لانەن)، بە ئامادەیی هونەرمەندان و شانۆکاران، مەراسیمی رۆژی جیهانیی شانۆی سازکرد.

بەڕێوەبەری بەشی هونەری شانۆ وتار و پیرزۆباییان بەبۆنەی ئەم یادەوە پێشکەش کرد، پەیامی خۆیان ئاڕاستەی شانۆکاران و هونەرمەندان کرد.

موحسین ئەدیب، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیریی و ھونەری سلێمانی، لەبارەی هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بۆ هاوکاریکردنی شانۆکاران، بە کەناڵ8ـی گوت، " بەگوێرەی ئەو توانا یاسایی، دارایی و کارگێڕییەی لەبەردەستماندایە، درێغیمان نەکردووە لە هاوکاری کردنی شانۆکاران، ئەمەش وایکردووە دۆخی شانۆ لە شاری سلێمانی تاڕاددەیەک لە دۆخێکی باشدا بێت بەراورد بەو دۆخەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا هەیە".

لەلای خۆشییە، نیشتمان عەبدوڵا، بەڕێوەبەری بەشی شانۆ، کە رێکخەری چالاکییەکە بوون، بە کەناڵ8ـی راگەیاند، "ئەمڕۆ وەک بەشی شانۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیریی و هونەری سلێمانی، بیرمان لەوە کردەوە کە ئەم مەراسیمی رۆژی جیهانی شانۆیە بەرز رابگرین، راستە ئێمە لە قەیرانداین و بێبەش نین لەو قەیرانەی کە هەرێمی کوردستانی گرتووەوە، بەڵام ئەو یادە بەرز رادەگرین چونکە شانۆ نەمرە و زیندووە، دەمانەوێت دەرگای هۆڵەکانی شانۆ لە هەموو مانگەکانی ساڵدا بەکراوەیی بمێنێتەوە".

لە بەشێکی مەراسیمەکەدا، رێز لە چەند هونەرمەندێکی دیار و چالاکیی بواری شانۆ گیرا، کە ماوەی چەند ساڵێکی زۆرە لەو بوارەدا خزمەتییان کردووە، بەشداربوون لە بەرهەمهێنانی چەندین شانۆدا.

لە هەمان رۆژیشدا و لە تەلاری هونەردا، وەک بەشێک لە چالاکییەکانی تایبەت بەم رۆژە، بە ئامادەیی ژمارەیەک هونەرمەند و شانۆکار، شانۆیی "رووتبوونەوە" لە دەرهێنانی (گۆران محەمەد) نمایشکرا.

چالاکییەکانی رۆژی جیهانی شانۆ بەردەوام دەبن، وابڕیارە سبەی 28ـی ئازار کاتژمێر 2:00ـی پاشنیوەڕۆ، لە رۆژی دووەمی یادەكەدا، دوو سیمیناری تایبەت لەبارەی شانۆوە بەڕێوەبچێت، بەناونیشانەکانی (میكانیزمەكانی كاركردن لەسەر بینەر و گەشەپێدانی شانۆ) بۆ د. فازڵ جاف، (شیكاری رەخنەیی لە شانۆی كوردیدا) بۆ د.نیاز لەتیف، کە هەردوو سیمنیارەكەش لەلایەن گۆران محەمەدەوە بەڕێوەدەبرێن.

رۆژی 27ـی ئازاری هەموو ساڵێک لەلایەن دەستەی نێودەوڵەتی شانۆوە، بۆ ئاهەنگگێران بە رۆژی جیهانی شانۆ دیاری کراوە، لەم رۆژەدا لە سەرانسەری جیهان چەندین چالاکی جیاواز و شانۆگەری گرنگ پێشکەش دەکرێن.