شۆن کۆمز راپەری بەناوبانگی ئەمریکی

شۆن کۆمز.. کەیسی "بازرگانیکردن بە سێکسەوە" ئەمریکا دەهەژێنێت

ئەو تۆمەتانەی کە لە چەند رۆژی رابردوودا رووبەڕووی شۆن کۆمزی راپپەری بەناوبانگی ئەمریکی، ناسراو بە دیدی کراوەتەوە، ئەمریکای هەژاندووە، جەماوەرێکی زۆر چاوەڕوانیی دوایین پێشهاتەکانن لەبارەیەوە.

شۆن کۆمز،  ناسراو بە دیدی، گۆرانیبێژی بەناوبانگی راپە، کە بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی "راپ" لە ئەمریکا دادەنرێت، پاش ئەوەی تۆمەتبار کراوە بە دەستدرێژی سێکسی و "بازرگانیکردن بە سکێسەوە"، لە ئێستادا پۆلیسی فیدراڵی ئەمریکی بەدوایدا دەگەڕێت.

ماڵپەڕی "سکای نیوز" لە هەواڵێکدا ئاشکرایکردوە، لە چەند رۆژی رابردوودا، پۆلیسی فیدراڵی ئەمریکا، داویەتی بەسەر ماڵەکانی دیدی لە لوس ئانجلس و میامی بۆ دۆزینەوەی ئەو هونەرمەندە، ئەمەش بەشێک بووە لە لێکۆڵینەوە بەردەوامەکانیان لەبارەی گومانەکانی "بازرگانی کردن بە سێکسەوە".

ئەم تۆمەتانە بۆ یەکەمجار لە کۆمەڵێک داوای یاساییەوە دەرکەوتن، دوای ئەوەی چەند کەسێک سکاڵایان دژ بە دیدی تۆمارکرد، تۆمەتباریان کرد بەوەی دەستدرێژی کردووەتە سەریان، هەندێکجاریش بارزگانی سێکسی پێوە کردوون.

ئەم کەیسانە بەیەکەوە وایانکرد پرسیار لەلای جەماوەر و هەواداری ئەو هونەرمەندە دروست ببێت لەبارەی ئەگەری راستیی ئەو تۆمەتانەوە، تەنانەت هەندێک لە براندەکان پەیوەندییان لەگەڵیدا بڕی، بەشێک لە پلاتفۆرمەکانیش پرۆگرامەکانی داهاتوویان رەت کردەوە.

وێرای سکاڵاکان، دیدی لەرابردوودا تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە، لە راگەیەندراوێکدا کە لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا بڵاویکردەوە، گوتوویەتی، "هیچ کام لەو کارە ترسناکانەم نەکردووە کە خراوەتە ئەستوم، لەپێناو ناوم و خێزانەکەم و راستیدا دەجەنگێم".

ئەم کەیسانە سەرنجی جەماوەرێکی زۆریان راکێشاوە، چونکە دیدی بەڕێوەبەرێکی جێبەجێکاری گرنگ بوو لە بواری موزیک و جلوبەرگدا.

لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا دیدی یەکەم کەس بووە کە جیهانی هیپ هۆپی بە کارگێڕییەوە بەستەوە، دەستی کرد بە رێککەوتن لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندە دیارەکان، لەو ماوەیەوە و تا ساڵانی دووهەزارەکان، مێژووی دیدی بەبێ تۆمەتەکانی وەک توندوتیژی، لێدان، هەڵگرتنی چەک و توندوتیژی دژی ژنان نەبووە، بەڵام هیچ یەکێک لەو تۆمەتانە بە ئاشکرا نەسەلمێندراون.

بەگوێرەی هەواڵی میدیاکانی ئەمریکاش، لە ئێستادا دیدی لەماڵەکەی رایکردووە، پۆلیسی فیدراڵیش بەدوایدا دەگەڕێت، ئەم چیرۆکەش جەماوەرێکی زۆری ئەمریکی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، واچاوەڕوان دەکرێت رێگە خۆشکەربێت بۆ ئاشکرابوونی چیرۆکی تێوەگلانی هەندێک لە کەسە بەناوبانگی دیکە بە کەیسی هاوشێوەوە.

شۆن جۆن کۆمز، کە بە دیدی ناسراوە، راپپەر و بەرهەمهێنەرێکی بەناوبانگی هەمان بوارە، ساڵی 1969 لە نیویۆرک لەدایکبووە، ساڵی 1993 کۆمپانیای " Bad Boy Entertainment"ـی دامەزراندووە، لەماوەی ژیانی هونەریدا گۆرانییەکی زۆر و کەمترین ئەلبوومی بڵاوکردووەتەوە.