وەزارەتی دارایی: لەنزیکترین کاتدا خشتەی مووچەی مانگی شوباتی هێزەکانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان بڵاودەکەینەوە

دیناری عێراقی

وەزارەت دارایی و ئابووریى هەرێمى کوردستان راگەیەندراوێکى لەبارەی دابەشنەکردنى مووچەى هێزەئەمنییەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەهەفتەی داهاتوودا مووچەی مانگی شوباتی سەرجەم مووچەخۆران و فەرمانبەران دابەشدەکرێت.

وەزارەتى دارایی و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە راگەیەندراوەکەدا دەڵێت، مووچەی مانگی شوباتی هێزەکانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان و هەموو ئەو شوێنانەی ناویان لە لیستی مووچەی رۆژی 28ى ئەم مانگەدا نەهاتبوو، هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە لە نزیکترین کاتدا خشتەی مووچەکانیان بڵاودەکەینەوە و لەهەفتەی داهاتوودا مووچەی مانگی شوباتی سەرجەم مووچەخۆران و فەرمانبەران دابەشدەکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پاش 57 رۆژ لە دابەشکردنى مووچەى مانگى کانوونى دووەمى 2024، ئێوارەى 28ى ئەم مانگە، وەزارەتى دارایی و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان لیستى مووچەى مانگى شوباتى بڵاوکردەوە و لە لیستەکەدا، وەزارەتى پێشمەرگە و هێزەکانى 70 و 80 و دەزگاى ئاسایش و هەر سێ سەرۆکایەتییەکەى تێدانەبوو.