لە 15 رۆژدا لە ئێران 617 کەس لە رووداوەکانی هاتووچۆدا گیانیانلەدەستداوە

رووداوێکی هاتوچۆ لە ئێران

لە ماوەی 15 رۆژدا لە ئێران بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە 617 کەس گیانیانلەدەستداوە و 16 هەزار و 583 کەسی دیکەش برینداربوون.

سیاوش موحبی، جێگری پۆلیسی رێگاوبانی ئێران رایگەیاند، لە 15 رۆژی رابردوودا زۆرترین رووداوەکانی هاتووچۆ لە پارێزگاکانی کرمان، فارس، سیستان و بەلوچستان، ئیسفەهان، خوراسانی رەزەوی و خوزستان روویانداوە بە گشتی لەو رووداونەدا 617 کەس گیانیانلەدەستداوە و 16 هەزار و 583 کەسیش برینداربوون.

راشیگەیاند، بەبۆنەی پشووەکانی نەورۆز و گەشتەکانەوە، رۆژانە 41 کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە لە ئێران گیانیانلەدەستداوە.

سیاوش موحبی دەشڵێت، زۆرترین گەشت لە تارانەوە بۆ پارێزگای باکووری ئێران بووە و لەو ماوەیەدا لە تارانەوە بە 675 هەزار ئۆتۆمبێل گەشت بۆ پارێزگاکانی دیکە کراوە. تا ئێستا 308 هەزار ئۆتۆمبێل چوونەتە پارێزگای مازەندەران و 235 هەزار ئۆتۆمبێلی گەشتیاران چوونەتە پارێزگای گیلان و 75 هەزار ئۆتۆمبێلی دیکەش گەیشتوونەتە خوراسانی رەزەوی.

ئەحمەد شیرانی، سەرۆکی ناوەندی هاتووچۆی ئێران ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمساڵ گەشت و هاتووچۆی ئۆتۆمبێل بەراورد بە ساڵی رابردوو لە ئێران بە رێژەی سەدا سێ کەمیکردووە و راشیگەیاندووە، ئەو کەمکردنەوەیە هۆکارەکەی بۆ دۆخی کەشوهەوا دەگەڕێتەوە.

ئەوەشی راگەیاندووە، لە 15 رۆژی رابردودا 70% رووداوەکانی هاتووچۆ لە رێگاکانی دەرەوەی شارەکان و 30% رووداوەکانی دیکەش لە شەقامەکانی ناو شارەکاندا روویانداوە. ئەو رووداوانەش بۆ تیژڕەوی، هیلاکی و خەو لە کاتی شۆفێریدا دەگەڕێتەوە.

بە گوتەی حوسێن ئێزدی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی شوێنەوار و گەشتیاریی لە پارێزگای مازەندەران، تاوەکو ئێستا نۆ ملیۆن و 734 هەزار و 136 گەشتیار چوونەتە پارێزگاکەیان و رۆیشتنی گەشتیاریش بۆ ئەو پارێزگایە بەردەوامە.