ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پێداچوونەوە بە یاسای ژینا ئەمینی دەکات

ژینا ئەمینی، ئەو كچە كوردەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە كوژرا

لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا رایگەیاند، 28ى نیسانی 2024 یەکەم دانیشتنی تایبەت بە پێداچوونەوەی یاسای ژینا ئەمینی ئەنجامدەدەن.

لیژنەی پەیوەنییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دواجار بڕیاریدا پێداچوونەوە بە یەکەم دانیشتنی تایبەت بە یاسای ژینا ئەمینی بکات کە تێدا سزای زیاتر بەسەر رێبەران و بەرپرسانی ئێراندا دەسەپێنێت.

بە گوێرەی یاسای ژینا ئەمینی، بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، لەوانە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆمار بەهۆی سەرکوتکردنی نارەزایەتییەکانی گەلی ئێران و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ سزا دەدرێن.

ئەم یاسایە سەرۆکی ئەمریکا پابەنددەکات بە قەدەغەکردنی پێدانی ڤیزا بە هەندێک کەسی بیانی کە پەیوەندییان بە حکومەتی ئێرانەوە هەیە و دەستبەسەر سەروەت و سامانەکانیاندا بگرێت.

هەر بەگوێرەی یاساکە، سەرۆکی ئەمریکا پابەند دەبێت هەر 90 رۆژ جارێک لەسەر حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران  عەلی خامنەیی و ئیبراهیم رەئیسی سزا بدات، لەلایەن ناوەند  پەیوەندیدارەکانەوە بە نهێنی راپۆرت ئامادەبکرێت و بنێردرێت بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا و بەئاشکرا لە ماڵپەڕی حکومەتی فیدراڵی ئەمریکا بڵاوبکرێتەوە.

یاسای ژینا ئەمینی، مانگی شەشی ساڵی 2023 لە ساڵرۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پەسەندکرا، بەڵام بۆ تاوتوێکردن و پێداچوونەوە پێیدا رەوانەی ئەنجوومەنی پێرانی وڵاتەکە کرا، بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران، کە سەر بە دیموکراتەکانە هۆکاری داوخستنی یاساکە بووە بۆ ئەنجوومەنی پیران .

پێشتر جیم بانکز و ئێریک سوالوێڵ، نوێنەرانی کۆماری و دیموکراتەکان، پڕۆژە یاسای ژینایان پێشکەش بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کرد، بە 410 دەنگی بەڵێ و سێ دەنگی نەخێر بە کۆی دەنگ پەسەندکرا و دواتر رەوانەی ئەنجوومەنی پیران کرا بۆ پێداچوونەوەی زیاتر.