مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر و سلێمانی: نرخی ئەمپێرێک کارەبا لە نێوان 14 بۆ 15 هەزار دینار دەبێت

مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر و سلێمانی نرخی کارەبای مۆلیدەیان بۆ مانگی ئازار دیاریکردوە و یەک ئەمپێر لە نێوان 14 بۆ 15 هەزار دینار دەبێت.

عوسمان محەمەد، سەرۆکی کۆمەڵەی مۆلیدە هەلییەکان لە سلێمانی بە کەناڵ8ی راگەیاند، رۆژانە لەناو گەڕەکەکانی شاری سلێمانی، 11 کاتژمێر کارەبای مۆلیدە دەدرێت بە هاونیشتمانییان و تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە 350 کاتژمێر کارەبایان پێدەدرێت و هەندێک گەڕەکیش رۆژانە 24 کاتژمێر کارەبای مۆلیدەیان هەیە.

گوتیشی، بۆ ئەم مانگە بەپێی نرخی سووتەمەنی، بۆ هەر کاتژمێرێک کارەبای موەلیدە 41 دینار دیاریدەکرێت و لەو گەڕەکانەی رۆژانە 11 کاتژمێر کارەبای مۆلیدەیان پێدراوە، 14 بۆ 14 هەزار و 500 دینار بۆ یەک ئەمپێر وەردەگیرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەو گەڕەکانەی کە 24 کاتژمێر کارەبای مۆلیدەیان هەیە بۆ یەک ئەمپێر 21 هەزار دینار وەردەگیرێت.

هاوکات، یەکێک لە خاوەن مۆلیدەکانی هەولێر بە کەناڵ8ی راگەیاند، رۆژانە 13 کاتژمێر و نیو کارەبا بە هاونیشتمانییان دراوە و بۆ ئەم مانگە تاوەکو دوێنێ 28ی ئازار بە تێکڕا 365 کاتژمێر کارەبایانداوە و بۆ هەر ئەمپێرێک 14 هەزار بۆ 14 هەزار و 500 دینار وەردەگرن.