ئاسایشی نیشتمانی عێراق: باندێکی بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر دەستگیرکران

شاردنەوەى ماددەى هۆشبەر لەناو گوێزدا. فۆتۆ: دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیى عێڕاق

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، یەکێک لە رێگە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ بەقاچاغبردنی ماددەی هۆشبەر ئاشکراکرد و باندێکی 11 کەسیشی دەستگیرکرد.

ئەمڕۆ هەینی 29ى ئازار ، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە خاڵێکی پشکنینی هێزەکانیان دوو کەس بە بڕێک ماددەی کریستاڵەوە دەستگیرکراون، کە لەناو دەنکە گوێزدا شاردرابووەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، باندەکە لە پارێزگاکانی بەغداد، بەسرە، دیوانییە و کوت چالاکبوون و بازرگانییان بە مادەی هۆشبەرەوە کردووە و بەکاریشیانهێناوە.

لە راگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراقدا ئاماژە بەوەشکراوە، پاش دەستگیرکردنی ئەو دووکەسە، هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنین لەچەند پارێزگایەکی عێراق ئەنجامدراوە و سەرجەم ئەندامانی باندەکە دەستگرکراون، ژمارەیەکیان بە ماددەی هۆشبەری دیکە و کەلوپەلەکانی بەکارهێنانییەوە دەستگیرکراون.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ئاشکرایکردووە، ئەو ماددە هۆشبەرەی لەناو دەنگە گوێزدا دەستی بەسەرداگیراوە، پێکهاتووە لە مادەی کریستاڵ.

بە گوێرەی راپۆرتی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق، لەساڵی 2022دا ژمارەی ئەو کەسانەی کە ئاشکرابوون، ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن یاخود بازرگانی پێوەدەکەن، زیاتر لە 14 هەزار کەسن، لەو ژمارەیەش 500 کەسیان ژن و مێردمنداڵن.