گاردیان: داعش پلان بۆ ئەنجامدانی هێرش لە ئەوروپا دادەڕێژێت

ئەو هۆڵی ئاهەنگگێڕانەی داعش لە مۆسکۆ هێرشیکردەسەر. فۆتۆ: AP

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ئاشکرایکرد، رێکخراوی داعش بەنیازە هێرشی خوێناوی بۆ سەر وڵاتانی ئەوروپی ئەنجامبدات.

بەگوتەی رۆژنامە بەریتانییەکە، داعش کە لە قەڵا سەرەکییەکانیدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شکستیهێناوە، بەڵام ئەفریقا و بەشێک لە باشووری ئاسیا پەرەیسەندووە و خاک و سەرمایەی بەدەستەوەیە، ئەمەش دەکرێت ببێتە خاڵی دەستپێک بۆ هەڵمەتێکی نوێی توندڕەوی.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، حکومەتەکانی ئەوروپا هۆشداریی ئەمنییان بۆ بەرزترین ئاست لە ماوەی ساڵانی رابردوودا راگەیاندووە، بەتایبەت دوای هێرشی ئەمدواییەی داعش بۆ سەر هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە مۆسکۆ، ئەمەش ئاستی چاودێری و هۆشداریی بەرزکردووەتەوە و مەترسییەکانی تاوەکو بەرزترین ئاست زیادکردووە.

هاوکات ئیتاڵیا رێوشوێنەکانی بەهێزتر کرد، ئەڵمانیاش نیگەرانی دەربڕی و ئەوەی بە "مەترسیی راستەقینە" ناوبرد.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، داعش بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی مۆسکۆی لە ئەستۆ گرتووە، ئاماژە بەوەش کراوە ئەمە کوشندەترین ئۆپراسیۆنی توندڕەویی داعشە لە ئەوروپا و رێکخراوە توندڕەوەکە دەیەوێت بەمە قەرەبووی شکستەکانی بکاتەوە، دەشڵێن داعش چەند ساڵێکە پلانی ئۆپەراسیۆنی نوێ لە دژی ئامانجە ئەوروپییەکان دادەڕێژێت.

راپۆرتەکە باسی لەوەشکردووە، کاتێک داعش لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2019 بەناوی "خەلافەت"ـەوە دەستی بەسەر چەند ناوچەیەکدا لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی سووریا و رۆژئاوای عێراقدا گرتبوو، ئیدی پێویستی بەو گرووپە لاوەکییە تازە پێکهاتووانە نەبووە بەمەبەستی دەستپێکردنی هێرش لە ئەوروپا.

هەموو سەرچاوەیەکی پێویستی هەبوو لەڕێگەی دامەزراوانی بیانی، پارە، ناوەندی مەشق و راهێنانەوە، ئەمەش زنجیرەیەک هێرشی توندی لە فەڕەنسا و بەلجیکا لێکەوتەوە.

بەڵام دوای چەندین ساڵ لە ئۆپراسیۆنی دژەتیرۆر کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە عێراق و سووریا ئەنجامدران، ئەمە جگە لە هاوکارییەکانی ئەمریکا لەمڕووەوە، رێکخراوەکە لە مۆڵگە بەهێزەکانی پێشوویدا پەرشوبڵاو و لاواز بووە.

راپۆرتەکە لە زاری بەرپرسانی ئەمنی رۆژئاواییەوە کە شارەزاییەکی بەرفراوانیان لە کاروباری "داعش"ـدا لە عێراق و سووریا هەیە، رایانگەیاندووە، گرووپەکە وازی لە پرۆژەی "خەلافەت" هێناوە، بەڵام دەستیکردووە بە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئامانجە نێودەوڵەتییەکان.

راپۆرتەکە دەشڵێت، ئۆپراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا بووەهۆی کوژرانی ژمارەیەک سەرکردەی داعش لە سووریا، هەروەک لە زاری "پەیمانگای واشنتۆن"ـی ئەمریکییەوە نووسیوویەتی، "بڕیاری سوپای ئەمریکا بۆ مامەڵەکردن لە دژی ئەو کەسانە "رەنگە ئاماژە بێت بۆ دەستبەجێ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو مەترسییە نوێیانەی سەرهەڵدەدەنەوە، ئەمەش رەنگە ئاماژەبێت بۆ ئەوەی داعش دووبارە ئۆپراسیۆنە دەرەکییەکان دەکاتە کاری لەپێشینەی.