عەلی مەندەلاوی، پێنوسفرۆشێک لە بازاری موتەنەبی شاری بەغداد

بەغداد.. پێنوسفرۆشێک زیاتر لە ملیۆنێک جۆری لە دوکانەکەیدا کۆکردووەتەوە

عەلی مەندەلاوی یەکێکە لە پێنوس فرۆشەکانی بازاڕی موتەنەبی لە شاری بەغداد،  بە هۆی کارەکەیەوە توانیویەتی زیاتر لە ملیۆن پێنوس لەنێو دوکانەکەیدا کۆبکاتەوە، عەلی دەڵێت ئەوەندە پێنوسی تیادایە نازانم ئێستا چەند جۆرم هەیە. زۆری ژمارەی پێنوسەکانی عەلی سەرنجی گەشتیاران و ڕێبوارانی بازاڕەکەی بۆلای خۆی راکێشاوە.

عەلی مەندەلاوی، پێنوسفرۆشێک لە بازاری موتەنەبی شاری بەغداد، چەند ساڵێکی زۆرە سەرقاڵی پێنوسفرۆشتنە، بەهۆی پیشەکەیەوە زیاتر لە ملیۆنێک جۆر پێنوسی لە دوکانەکەیدا کۆکردووەتەوە.

لە رابردوودا کاتێک مەندەلاوی دوکانی داناوە، شوێنەکەی بچوک بووە، بۆیە ناچاربووە کەرەستەی بچوک بفرۆشێت، لەسەرەتادا وەک پیشەیەکی ئاسایی دەستی پێکردوە، دواتر وەک خۆی دەڵێت، گۆڕاوە بۆ ئەشق و خۆشەویستی و سۆز، بەرەو پەیوەستبوون و وەفا رۆشتووە تا بووە بە بەشێک لە ژیانی.

مەندەلاوی لە باسی پێنوسەکانیدا، بە کەناڵ8ـی گوت، "ئەم پێنوسانە بە ئاسانی کۆناکرێنەوە، ئەمانە بوون بە مێژوویەک بۆم، لە سفرەوە دەستم پێکردوە، ئێستا گەیشتوە بە سەروو ملیۆنیک، لێرەوە چیرۆکەکە دەستی پێکرد، بوو بە خۆشەویستی و ئەشق و سۆز،  پاشان گەیشت بە پەیوەست بوون، وەفا و راستیی، تا وایلێهات بوو بە بەشێک لە ژیانم و مێژووم".

لە دوکانەکەی مەندەلاویدا، سەروو ملیۆنێک جۆر پێنوس هەن، وەک دەڵێت: جۆری پێنوسەکانیش لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە دەگۆڕێن، لە ماوەیەکەوە بۆ ماوەیەکی تر، لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر، لە وێستگەیەکەوە بۆ وێستگەیەکی تر، لە پێنوسی حیبر، رەساس، پێنوسی نوسین، واژووکردن، بۆ چەندین پێنوسی تر، کە یەکێکیان بڕیار دەنوسێت، یەکێکیشیان بڕیار دەسڕێتەوە.

پێنوس یەکێکی دیکەیە لەو کەرەستانەی، کە بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆجیا و ئینتەرنێت کاریگەریی نەرێنی لەسەری دروست کردووە، بەهۆیەوە کەمتر لە جاران بەکاردەهێنرێت، بەڵام مەندەلاوی پێی وایە، وێڕای ئەوەی بەکارهێنانی کەمبووەتەوە، هێشتا پێنوس ئەو ئامرازەیە کە رەمز و زانیارییە کە خزمەت بە کۆمەڵگە دەکات.

لە رابردوودا قامیشی عێراقی بۆ ئەو پێنوسانە بەکاردەهاتن کە لە قامیش دروستدەکران، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە قامیشەکانی عێراق بەهۆی جەنگ و گۆڕانی کەشوهەواوە کەمبوونەتەوە و بەرەو لەناوچوون دەچن، ئەمەش وایکردووە، بۆ دروستکردنی پێنوسی لە قامیشی، لە دەرەوەی وڵاتەوە قامیش هاوردە بکرێت، لەو بارەیەشەوە مەندەلاوی بە غەمبارییەوە گوتی، "قامیشی عێراقی دەرەجە یەک بوو، کە دەماندا بە زەویدا دەنگ و سەدای دەردەهێنا، بەڵام ئەم هاوردەکراوانە هیچ بەهایەکییان نیە. ئەم قامیشانە دەیکەین بە پێنوس، دەیبڕین و نوکەکەی تیژ دەکەین و دەبێت بە پێنوسێکی تایبەت کە خۆشنوسەکان پێی دەنوسن، تەنانەت وێنەشی پێدەکێشن، ئەم قامیشانە لەسەر شێوەی قەڵەمن و لە کۆنترین جۆرەکانی قەڵەمیشن، پێشتر هەمووان پێیان دەنوسی".