فیلمی "چاوی نان"، یەکێکە لەو فیلمە دیارانەی، بەشداریی سەرەکیی لە دیداری فیلمی کوردی دورین دەکات لە رۆژئاوای بەرلین لە وڵاتی ئەڵمانیا و کێبڕکێیەتی بۆ بردنەوەی خەڵاتی دیدارەکە.
بە بەشداریی 39 فیلم، دیدارێکی تایبەت بە سینەمای کوردی لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت و تیایدا فیلمی چاوی نان، یەکێک دەبێت لەو بەرهەمە سەرەکییانەی کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتی دیارترین فیلمی دیدارەکە دەکەن.
فیلمی چاوی نان، فیلمێکی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەدیاریکراویی ناوچەی ساحێبی شاری سەقزە، لە نووسین و دەرهێنانی هاوبەشی خالید فەرەجزادە و عوسمان محەمەدە، ساڵی 2021 بەرهەمهێنراوە.
ناوەڕۆکی فیلمەکە، سەبارەت بە ژیانی رۆژانەی کۆڵبەریی رۆژهەڵاتی کوردستان و کیمیابارانی هەڵەبجەیە لە باشوور، لەڕێگەی کارەکتەرێکی رۆژهەڵاتییەوە، کە کچێکی بچوکە بەناوی رۆژین، گێڕانەوەکە دەستپێدەکات و سنوورەکان دەبەزێنێت، رۆژهەڵات و باشوو بەسەردەکاتەوە و گرفتی کۆڵبەران و کارەساتی کیمیاباران دەگێڕنەوە.
خالید فەرەجزادە، دەرهێنەری فیلمی چاوی نان، بە کەناڵ8ی گوت، "فیلمەکە لە ئاستی جیهانییدا چەند جارێک نمایشکراوە و توانیویەتی ببێت بە براوەی ژمارەیەک خەڵات".
لە رۆژانی داهاتوودا، دیداری فیلمی کوردی دورین لە ئەڵمانیا، بە نمایشکردنی "فیلمی 74" لە دەرهێنانی سەتار چەمەنی گوڵ دەستپێدەکات و لە کۆی 39ی فیلمی بەشداربوو، 17 فیلم کێبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵاتی دیدارەکە دەکەن، کە چاوی نان یەکێکە لە دیارترینەکان و پاڵێوراوە بۆ بردنەوە.