لیستى مووچەى مانگى سێ رەوانەى بەغداد کرا

ئامێرێکى هەژمارکردنى پارە. فۆتۆ: کەناڵ8

گوتەبێژى وەزارەتى دارایى و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستان راگەیاند، "لیستى مووچەى مانگى ئازاریان رەوانەى بەغداد کردووە لەرێگەى ئۆنلاینەوە".

هونەر جەمال، گوتەبێژى وەزارەتى دارایى و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ـى گوت، "لیستى مووچەى مانگى ئازار کە رەوانەی بەغداد کراوە، هاوپێچى پلە بەرزکردنەوەى لەگەڵدا نییە، چونکە ئەو لیستەى ئامادەدەکرێت بە پلەبەرزکردنەوەوە هێشتا تەواونەبووە".

وەزارەتى دارایى و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بۆ دابینکردنى مووچەى یەک مانگ پێویستى بەبڕى 949 ملیار دینارە و ژمارەى مووچەخۆران یەک ملیۆن و 180 هەزار کەسە.

رەوانەکردنى مووچەى مانگى ئازار بۆ بەغداد لەلایەن وەزارەتى دارایى و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ دووشەممە 1ـى نیسانى 2024 سێیەم رۆژى دابەشکردنى مووچەى مانگى شوباتى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستانە.

بەگوێرەى ئەو خشتەیەى راگەیەندراوە، تاوەکو کۆتایى ئەم هەفتەیە سەرجەم وەزارەت و دەستە و فەرمانگەکان مووچەى مانگى شوبات وەردەگرن.