بەغداد 15 ملیۆن لیتر نەوتى سپى بۆ هەرێمى کوردستان دەنێرێت

نەوتی سپیی ماڵان دابەشدەکرێتەوە

وەزارەتى نەوتى عێراق بڕیاریداوە 15ملیۆن لیتر نەوتى سپى بەبێبەرامبەر بۆ هەرێمى کوردستان بنێرێت، لە پارێزگاکانیش ناوى ئەو خێزانانە ئامادە کراوە نەوتەکەیان پێدەدرێت.

سەباح سوبحى، ئەندامى لیژنەى نەوت و وزە و سامانە سروشتییەکان لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە کەناڵ8ى راگەیاند، بەغداد بڕیاریدا بۆ ئەمساڵ بڕى 50 ملیۆن لیتر نەوتى سپى بۆ پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان بنێرێت، بەڵام هەر لیترێک جیاواز لە پارێزگاکانى دیکەی عێراق 350 دینار لەسەر هاونیشتیمانییانى هەرێمى کوردستان ئەژمارکرا، لەکاتێکدا لە پارێزگاکانى ناوەڕاست و باشووری عێراق، بۆ هەر لیترێک 150 دینار لەهاوڵاتى وەرگیراوە.

ئەندامەکەى لیژنەى نەوت و وزە و سامانە سروشتییەکان گوتیشى: "ئەمە پێچەوانەى مادەى 14ی دەستوورى عێراقە و بۆ قەرەبووى ئەوە، وەزارەتى نەوتی عێراق بڕیاریداوە 15ملیۆن لیتر نەوتى سپى بەبێبەرامبەر بۆ هەرێمى کوردستان بنێرێت و لە پارێزگاکان ناوى ئەو خێزانە هەژار و کەمدەرامەتانە تۆمارکراوە کە ئەو نەوتەیان پێدەدرێت.

لە هەرێمى کوردستان، ئەمساڵ دوو جۆر نەوتى سپى بەسەر هاونیشتمانییان دابەشکرا، جۆرى یەکەم، لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە بوو، بۆ هەر بەرمیلێک بڕى 105هەزار دینار وەرگیرا و جۆرى دووەم لەلایەن حکومەتى عێراق دابینکرا بۆ هەر بەرمیلێک بڕى 60 هەزار دینار لە هاونیشتمانییان وەرگیرا.